کێشەی ئەو خانەنشینانەی کەرتی تایبەت کە مووچە لە بەغدا وەردەگرن، چارەسەردەکرێت

کێشەی ئەو خانەنشینانەی کەرتی تایبەت کە مووچە لە بەغدا وەردەگرن، چارەسەردەکرێت
هەفتەی رابردوو شاندێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد، بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش دەڵێت، مەبەست لەو سەردانە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی خانەنشینانی کەرتی تایبەت بوو کە مووچە لە بەغدا وەردەگرن و پەیوەندی بە مووچەی خانەنشینیی کەرتی گشتی نییە.

دکتۆر عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی راگەیاند، دوای ئەوەی مووچەی ئەو خانەنشینانەی کەرتی تایبەت راگیرابوو کە لە بەغدا مووچە وەردەگرن، داوایان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کردووە شاندێکیان بێنە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو پرسە بکەن.

شاندەکە لە رۆژی چوارشەممە 22-7-2020 گەیشتنە هەرێمی کوردستان و لە رۆژی 23ـی مانگ لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، عارف حیتۆ ئاماژە بەوە دەکات، دوای ئەو کۆبوونەوەیە لە ھەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن وابڵاوکرایەوە مووچەی خانەنشینان لە بەغداوە خەرجدەکرێت، "بەڵام مووچەی خانەنشینانی کارمەندانی کەرتی تایبەت ھیچ پەیوەندی بە خانەنشینانی کەرتی گشتییەوە نییە".

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، مووچەی ئەو خانەنشینانەی کەرتی تایبەت لەسەر سندوقى دەستەبەری کۆمەڵایەتی خەرجدەکرێت "بۆ ئەو کرێکارانەی پێشتر دەستەبەرکراوبوون و شایستەی ئەوە بوون خانەنشین بکرێن، بەپێی یاسای 39ـی ساڵی 1971ـی ھەموارکراو بە یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2012".

دکتۆر عارف حیتۆ روونیکردەوە، ژمارەی ئەو خانەنشینانەی کەرتی تایبەت کە مووچەیان لە بەغدایە 221 کەسن، "چونکە لە پێش راپەڕین بەشدارییەکانیان بە سندوقى دەستەبەری عێراقی داوه، بۆیە وەکو مافێکی یاسایی، شایستەی خانەنشینی لە بەغدا وەردەگرن".

زیاتر لە ھەشت مانگە مووچەی ئەو خانەنشینانە نەنێردراوە، دکتۆر عارف دەڵێت، بەھۆی چەند کێشەیەکی بانکی و قەدەخەی ھاتووچۆ لەنێوان شارەکان بووە، "بۆیە ھاتنی شاندی بەغدا بۆ چارەسەرکردنی مووچەی ئەو خانەنشینانە بوو".













رووداو
Top