برازاکەی ساڵح موسلیم ئازادکرا
ئەمڕۆ دووشەممە 2020/07/27 لە شاری دێرسمی باکووری کوردستان پرۆسەی دادگاییکردنی دالیا کە هەفتەیەک لەمەوبەر خۆی رادەستی پۆلیسی تورکیا کردبوو.
لە دانیشتنی دادگاییەکەدا بڕیاردرا دالیا بە مەرج ئازادبکرێت و تاوەکو ساڵێکی دیکەش دەرچوونی لە تورکیا لێ قەدەخە بکرێت.
ئاژانسی فەرمیی تورکیا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، دوای کۆتاییهاتنی رێکارە یاساییەکان لە بەڕێوبەرایەتیی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دالیا مەحموود موسلیم، برازای ساڵح موسلیم لەژێر چاودێریی ئەمنیی توونددا براوەتە نەخۆشخانەی فێرکاریی مێرسین و پشکنینی تەندروستیی بۆ کراوە. لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، دوای پشکنینەکە دالیا رادەستی دادگای مێرسین کراوە.
هەفتەی رابردوو ئاژانسی فەرمیی دەوڵەتی توركیا بڵاوی کردەوە کە دالیا مەحموودی برازای ساڵح موسلیم لە شاری مێرسین خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەكانی توركیا كردووە؛ بەڵام باوكی گوتبووی ئێمە بەرپرسیارێتی "رفاندنی" یاخود "رادەستكردنی" دەخەینە ئەستۆی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان.
ئاژانسی دەنگوباسی ئەنادۆڵی توركیا بڵاویكردەوە كە دالیا مەحموود موسلیم لە رۆژی 15ی ئەم مانگە لە شاری مێرسین "لە رێگەی رازیكردنەوە خۆی رادەستی هۆبەی دژە تیرۆری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی مێرسین كردووە".
رۆژی 19ی تەممووز مەحموود محەممەد موسلیم، باوكی دالیا لە لێدوانێكدا بۆ رای گشتی گوتی، كچەكەی بەر لە شەش ساڵ ببووە شەڕڤانی یەكینەكانی پاراستنی ژن (YPJ) بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، "بەڵام پێش شەش مانگ لەبەر هۆكاری تەندروستی وازی لە هەڤاڵەكانی و ئەركەكانی هێنا و چووە باشووری كوردستان بۆ چارەسەری، لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ كەسوكار، تاوەكو بەر لە ماوەیەكی كەم لەبارەی گەڕانەوەی بۆ نێو كەسوكاری لە رۆژئاوا پەیوەندیی كرد، بەڵام لەناكاو بینیمان كە دراوەتە دەست دەسەڵاتی توركیا و دەزگا سیخوڕییەكانی".
باوكی دالیا دەڵێت، "لەبەرئەوە پێمانوایە كە دەسەڵاتی باشووری كوردستان بەرپرسیارێتیی رفاندنی لە باشوور یان رادەستکردنی بە دەزگای هەواڵگریی توركیای دەكەوێتە سەر شان. هەر شتێكیش لە زمانیەوە دەربچێت یان پێی بگوترێت لەژێر گوشاردا، قسەی ناڕاستن و مەبەستەكەش پیسكردنی نێوبانگی خێزان و دامەزراوەكانی كارگێڕیی خۆسەرییە لە رۆژئاوا".
بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رۆژی 20ی تەممووزی 2020 لە روونكردنەوەیەكدا تۆمەتی رادەستكردنی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بە توركیا بە تەواوی رەتكردەوە و رایگەیاند، "ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە، بەڵكو هەوڵێكی چەواشەكارانەیە بۆ داپۆشینی راستیی بابەتەكە".
وەزارەتی ناوخۆ بەوشێوەیە زانیاریی لەسەر هاتنی دالیا مەحموود موسلیم بۆ هەرێمی كوردستان و چوونی بۆ توركیا دەدات و دەڵێت، "دالیا مەحموود موسلیم ناسراو بە "ڤیان شەڕڤان" دوای ئەوەی واز لە هێزەكانی یەپەژە دەهێنێت، لەگەڵ چەكدارێكی دیكەی خەڵكی بەدلیسی باكووری كوردستان بە ناوی "سەلام رەمەزان محەممەد" ناسراو بە "تۆلهەلدان" كە لە ریزەكانی یەپەگە بووە. پەیوەندیی خۆشەویستیی دروستدەكەن و هەردووكیان پێکەوە بڕیاری وازهێنان دەدەن و رادەكەن. رەمەزان لە رۆژی 2020/07/09 بە ئارەزووی خۆی دەگەڕێتەوە توركیا و پاشان دالیا مەحموود ساڵح بۆ پەیوەندیكردن بە سەلام لە رۆژی 2020/07/14 بە قاچاخ دەچێتە توركیا و دواتر لە شاری مێرسین خۆی رادەستی پۆلیسی توركیا دەكات. بۆیە هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك پەیوەندیی بەم بابەتەوە نییە".
هەروەها موسلیم موسلیم کە مامی دالیایە پێشتر لە لێدوانێکدا راگەیاندبوو، هەرێمی کوردستان هیچ دەستی لە گرتنی کچەکەیاندا نییە و تۆمەتباری ناکەن، بەڵام داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن کە ئەگەر بتوانن لە گرتنی دالیا بکۆڵنەوە.
مامی دالیا ئاشکرای کرد، برازاکەی تاوەکو لە هەرێمی کوردستان بووە پەیوەندییان لەگەڵیدا هەبووە، بەڵام دواتر هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵیدا نەماوە.
بە گوتەی موسلیم موسلیم ئەوان وەک خێزانی دالیا تەنیا راگەیێندراوێکیان لەبارەی کچەکەیانەوە بڵاوکردووەتەوە و "هەرگیز حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لە گرتنی کچەکەیان تاوانبار نەکردووە و پەیوەندییان بەو گوتانەوە نییە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک دەزگای میدیاییدا بڵاوکراونەتەوە".
رووداو
