پەرلەمان: بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە زیاتر لە 500 گوندی هەرێمی کوردستان چۆڵکراون

پەرلەمان: بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە زیاتر لە 500 گوندی هەرێمی کوردستان چۆڵکراون
ئەو لیژنانەی پەرلەمانی کوردستان رایسپاردن بۆ بەدواداچوونی زیانی شەڕی سوپای تورکیا و پارتیی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، راپۆرتەکانیان تەواوکرد و دەرکەوتووە تورکیا بە قووڵایی 15 کیلۆمەتر خاکی باشووری کوردستانی بەزاندووە و زیاتر لە 500 گوندیش لە ترسی شەڕ چۆڵکراون.

پەرلەمانی کوردستان لە 29ی حوزەیرانی ئەمساڵدا چەند لیژنەیەکی بۆ بەدواداچوونی رەوشی ناوچە سنووریەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی بۆ زانینی زیانی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێران راسپارد. لیژنەکان چوونەتە ناوچە جیاوازەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و شنگال.

لە ئەنجامی راپۆرتی لیژنەکاندا دەرکەوتووە، لە ماوەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی تورکیا لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران دەستیپێکردوون 504 گوند چۆڵکراون و لە ماوەی شەڕی 28 ساڵەی تورکیا و پەکەکەشدا 50 هاونیشتمانی سڤیل شەهیدبوون.


راپۆرتی لیژنەکان بەپێی سنووری پارێزگاکان بەمشێوەیە:

پارێزگای هەولێر:

- لە 73 گوندی سەر سنوور 55 گوند چۆڵکراون.
- دەیان ملیۆن دۆلار زیانی سووتانی رەز و باخ بووە.
- 104 گوندی سۆران و سیدەکان چۆڵكراون.
- 15 گوندی سنووری چۆمان چۆڵکراون.
- گوندەکانی زارگەلی و بۆکریسکان لە وەرتێ چۆڵکراون.
- ئێران بەربەستی هاتووچۆی بۆ خەڵکی گوندەکان دروستکردووە.


پارێزگای سلێمانی:

- هێرشی کونەماسی لە 25ـی حوزەیراندا بووەتە هۆی برینداربوونی 7 کەس و 25 ملیۆن دینار زیانی ماڵیی هەبووە.
- زیانی خزمەتگوزاریی گشتی لەسەر کارەبا و رێگەوبان هەبووە.


ئیدارەی راپەڕین:

- بەزاندنی سنوور لەلایەن ئێرانەوە لە کێلێ و جاسووسان
- پێشێلکردنی رێککەوتنی ساڵی 1975


قەزای ماوەت:

- وێرانبوونی بنکەی تەندروستیی گوندی سەفرە.
- زیانی هێڵی سەرەکیی کارەبای گوندەکە .
- رووخانی زۆربەی خانووەکانی گوندەکە.

پارێزگای دهۆک:

زاخۆ:

- بەزاندنی سنوور پانی 40 کیلۆمەتر و قووڵایی 15 کیلۆمەتر لەلایەن تورکیاوە.
- 666 تۆپ و 70 مووشەک ئاراستەی گوندەکان کراون.
- لە 28 ساڵدا 50 کەس کوژراون و دەیانیش بریندار بوون.
- 18 بارەگای تورکیا لە سنووری گوندەکانی زاخۆ دانراون.
- 25 گوندی شارۆچکەی دەرکار تۆپباران کراون.
- 200 جووتیار ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
- 13 گوندی باتیفا بۆردوومانکراون و 27 گوند چۆڵکراون.
- بەگشتیی 400 خێزان زیانمەند بوون.

ئامێدی:

- چۆڵکردنی 198 گوند لە 348 گوندی قەزاکە.
- 4 کەسی سڤیل شەهید بوون و 28 کەسیش بریندار.
- %80ی گوندەکانی چەمانکێ چۆڵکراون.
- 6 گوندی کانی ماسێ و بەرواری باڵا چۆڵکراون.
- ئاوارەبوونی زیاتر لە 2500 خێزان.

- چۆڵکردنی 85 گوند لە کۆی 92 گوندی شیلادزێ.
- چۆڵکردنی 42 گوندی دێرەلووک لە کۆی 56 گوند.
-.چۆڵکردنی 24 گوندی دینارتە لە کۆی 91 گوند.
-.9 کوژراو و 21 بریندار لە 24 ساڵدا.


پارێزگای هەڵەبجە:

- بەربەستی ئێران لەبەردەم جووتیارانی هەورامان.
- پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەکە.


لیژنەکانی پەرلەمان چەند راسپاردەیەکیشیان داوەتە پەرلەمان، لەوانە:

- هاوئاهەنگیی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی سنوور.
- راسپاردنی حکومەت بۆ لێکتێگەیشتنی سیاسی لەگەڵ هێزی پارچەکانی دیکەی کوردستان.
- زیادکردنی هێزی پاراستنی سنوور (کوردزمان).
- راسپاردنی حکومەت بۆ دانوستاندنی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان.














رووداو
Top