خۆپیشاندەرانی شنگال داوا لە پەكەكە دەكەن چیتر كچان و كوڕانیان بەزۆر نەكاتە چەكداری خۆی

خۆپیشاندەرانی شنگال داوا لە پەكەكە دەكەن چیتر كچان و كوڕانیان بەزۆر نەكاتە چەكداری خۆی
رۆژی یەكشەممە ٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٠، خۆپیشاندانێك لە لایەن كوردانی ئێزدی لەسەر چیای شنگال بەڕێوەچوو كە دەوروبەری ١٠٠ كەس خۆپیشاندانەكەیان ئەنجام دا و تێیدا چەند داواكارییەكیان خستە ڕوو.

بەپێی زانیارییەكان، پێش خۆپیشاندانەكە، چەكدارانی پەكەكە چەند بازگەیەكیان دانا و هەوڵیاندا ڕێگە لە خەڵك بگرن بەشداری لە خۆپیشاندانەكە بكەن، داوایان لە دووكاندارەكان كرد دەرگای دووكانیانەكان بكەنەوە و بەشداری لە خۆپیشانداندا نەكەن، بەڵام خۆپیشاندانەكە ئەنجام درا و گوێ بە ڕێگرییەكانی پەكەكە نەدرا.

بەپێی ئەو یاداشتەی خۆپیشاندەران خوێندییانەوە، داواكارییەكانیان بەم شێوەیە بوو:

١- وازهێنان لە ڕفاندنی كچ و كوڕانی كوردی ئێزدی و بە چەكداركردنی زۆرەملێیان.

٢- ئازادكردنی ئەو كچ و كوڕە ئێزییانەی تائێستا لە لایەن ئەوانەوە گیراون یان بێسەروشوێن كراون.

٣- وازهێنان لە هەڵكۆڵینی تونێڵ و مۆڵگە لەنێو چیای شنگال

٤- پەكەكە بارەگاكانی خۆی لە نێو ماڵەكان و خەڵكی سڤیلی دەڤەری شنگال دەربهێنێت.

٥- چەكدارە عەرەب و بیانییەكانی شنگال چۆڵ بكەن.

لە ساڵی ٢٠١٤ە و لە كاتی هێرشەكەی تیرۆریستانی داعش بۆ سنووری شنگال، پەكەكە بە پاساوی پاراستنی خەڵكی دەڤەرەكە، ناوچەیەكی فراوانی لە شنگال دابڕی و بە هەماهەنگی لەگەڵ حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراق، تاوەكوو ئێستا ماوەتەوە و لەم ماوەیەشدا سەدان كچ و كوڕی مێردمنداڵی كوردانی ئێزدی ڕفاندووە و بەزۆر كردوونی بە چەكدار.











باسنیوز



Top