هاوردەکردنی چەند پێداویستی و كەرستەیەك بۆ سلێمانی كەم دەبێتەوە

هاوردەکردنی چەند پێداویستی و كەرستەیەك بۆ سلێمانی كەم دەبێتەوە
بەرپرسێك ئاشكرای دەكات هاوردەكرنی کەرەستە بیناسازییەکان و پێداویستیی ناوماڵ و جلوبەرگ بۆ سلێمانی کەمی کردووە.

عەتا شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران ڕایگەیاند: "هاوردەکردنی کەرەستە بیناسازییەکان و جلوبەرگ و پێداویستیی ناوماڵ و ئەو کەرەستە و پێداویستییانە بۆ سلێمانی بۆ خوار 60% کەمی کردووە، پێشووتر ئەم كەرستە و پێداویستییانە زۆرتر بەكار دەهات، بەڵام ئێستا چونکە خەڵک کەمتر دەیانکڕێت، بۆیە ناچار کەمتر دەهێنرێنە ناوخۆوە".

ڕوونیشى كرده‌وه‌: "لە بەرامبەردا هاوردەکردنی خواردەمەنی و پاکكەرەوە و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ ناو هەرێمی كورستان کەمی نەکردووە، تەنیا هاوردەکردنی هەندێک سەوزە و میوە کەمی کردووە، چونکە لەناوخۆدا بەرهەم هاتوون".

جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران باسى له‌وه‌ش كرد: "لە وڵاتانی ئێران و تورکیاش بەردەوام کاڵا دێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە و دابەزینی بەهای تومەنیش کاریگەرییەکەی کەمی لەسەر ڕێژەی هاوردەکردن لە ئێران هەبووە ، لەگەڵ ئەوەی بەرهەمەکانی ئێران بە دۆلار دەفرۆشرێن نەک بە تومەن، بەڵام كاریگەریی خۆی هەر هەبووە".

عەتا شێخ محەمەد جەختی له‌وه‌ش كردەوە، بەهۆی په‌تى كۆرۆناوه‌ ئەمساڵ كۆمپانیاكانی هاوردەكردنی كاڵا زیانی زۆریان بەركەوتووە.










باسنیوز


Top