لە خانەقین بەهۆی كەمیی پێدانی كارەبای نیشتمانی خۆپیشاندان کرا

لە خانەقین بەهۆی كەمیی پێدانی كارەبای نیشتمانی خۆپیشاندان کرا
بەهۆی كەمیی پێدانی كارەبای نیشتمانی، بەشێك لە هاووڵاتیانی شاری خانەقین خۆپیشاندانێكیان ڕێک خست.

ئەمڕۆ دووشەممە 27/7/2020، بەهۆی كەمیی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان، ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی خانەقین خۆپیشاندانیان لەبەردەم قایمقامیەتی قەزاكە بەڕێوە برد و دەرگای قایمقامیەتیان داخست و داوایان لە قایمقام و بەڕێوەبەری كارەبای شارەكە كرد هەرچی زووە كار بۆ باشبوونی دۆخی كارەبای نیشتمانی بکەن.

لەمبارەوە سەلام عەبدوڵا، چالاكوانی دیاری كۆمەڵگەی مەدەنی لە خانەقین، ڕایگەیاند: "كارەساتێكی زۆر گەورەیە لە خانەقین كە پێدانی كارەبای نیشتمانی تا ڕادەیەكی زۆر كەم بووەتەوە كە پلەكانی گەرما لە سنوورەكە دەگاتە سەرووی 50 پلەی سیلزی و شەوان دەبێت تا كاتژمێر سێ بۆ چواری بەیانی بمێنینەوە ئەو كاتانە كارەبا بێتەوە بۆ ئەوەی خەڵك بخەوێت، ئەمەش دەرەنجامی ئەوەیە كە لە شارەكە كەرتی كارەبا كراوەتە تایبەت".

گوتیشی: "لایەنە پەیوەندیدارەكانیش نەیانتوانیوە چارەسەری ئەو دۆخە بكەن و ئەوەندەش گەرمە ئێستا خانەقین خەڵك ناتوانێت وەك پێویست بچێتە دەرەوە و لە ماڵیش كارەبا نییە و خەڵك ئێستا زۆر ناڕزاییە لەو دۆخە".













باسنیوز


Top