پەرلەمانی کوردستان بە میوانداریی پێنج وەزیر کۆ دەبێتەوە

پەرلەمانی کوردستان بە میوانداریی پێنج وەزیر کۆ دەبێتەوە


پەرلەمانی کوردستان بە میوانداریی پێنج وەزیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.

بڕیاربوو کۆبوونەوەکە کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 26-7-2020، بەڕێوە بچێت، بەڵام لەسەر داوای فراکسیۆنی یەکێتی، دواخرا بۆ ئەمڕۆ دووشەممە 27-7-2020.

کۆبوونەوەکە دانیشتنی ژماره‌ (6)ی ئاسایی خولی به‌هاره‌ی ساڵی دووه‌م له‌خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌مە و تەوەرێکی کۆبوونەوەکەش، دەنگدان لەسەر دەست لەکار کێشانەوەی سۆران عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، دەبێت..

لە کۆبوونەوەکەکدا، چوار پرۆژەیاسا و بابەتی دیکە تاوتوێ دەکرێن و میوانداریی وەزیرانی ناوخۆ، تەندروستی، کاروباری پێشمەرگە، دارایی و ئابووری، پلاندانان و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندنی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەکرێ.

بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە:

یه‌كه‌م: خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ ئه‌م پڕۆژه‌ و پێشنیازه‌ یاساییانه‌ی خواره‌وه‌ پشت به‌ستن به‌ بڕیاری ژماره‌ (5)ی ساڵی 2020 و حوكمی مادده‌كانی (79، 80) و بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌ مادده‌ی (83)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

1- پرۆژه‌یاسای (له‌ئه‌ستۆكردنی فه‌رمانبه‌ران له‌هه‌رێمی كوردستان).

2- پێشنیازی یاسای (به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی شوێنه‌وارو كه‌له‌پوور له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق).

3- پێشنیازی یاسای (ڕێكخستنی میدیای ئه‌لیكترۆنی له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق).

دووه‌م: ده‌نگدان له‌سه‌ر داواكاریی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌ندامی په‌رله‌مان به‌ڕێز (سۆران عمر سعید) له‌ئه‌ندامیه‌تیی په‌رله‌مان به‌پێی حوكمی خاڵی (1، 2) له‌بڕگه‌ی دووه‌می مادده‌ی (25) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

سێیه‌م: خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرت و گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌م بابه‌تانه‌ی خواره‌وه‌:

1ـ خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرتی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی لیژنه‌ی (كاروباری پێشمه‌رگه‌و ناوچه‌ كورستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم) سه‌باره‌ت به‌دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و هێرشه‌كانی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌كه، به‌ئا‌ماده‌بوونی به‌رێز (وه‌زیری ناوخۆ)و (وه‌زیری كاروباری پێشمه‌رگه‌)و (وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری دانووستاندن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا)و ده‌سته‌ی گشتیی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان-عێراق.

2ـ خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌ی (كاروباری پێشمه‌رگه‌)و (ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێیه‌كان)و (په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕه‌وه‌ندی كوردستانی) سه‌باره‌ت به‌دۆخی ناوچه‌ سنوورییه‌كان.

3ـ خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرتی لێژنه‌ی ته‌ندروستی سه‌باره‌ت به‌په‌تای (كۆڕۆنا) كۆڤید19، به‌ئاماده‌بوونی (وه‌زیری ناوخۆ)و (وه‌زیری ته‌ندروستی) له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان-عێراق.

چواره‌م: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پێشنیازی یاسای (ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش له‌هه‌رێمی كوردستان) به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

پێنجه‌م: خوێندنه‌وه‌ی ڕاپۆرتی لێژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری سه‌باره‌ت به‌ (دۆخی دارایی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان) به‌ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان وه‌زیری دارایی و ئابووری وه‌زیری پلاندان و وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری دانووستاندن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداو سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان-عێراق.









باسنيوز
Top