ماوەی 7 ساڵە چاوەڕێ گەڕانەوەی هاوسەرەكەی دەكات
دیجلە ئلیاس، ئەو ئافرەتەیە كە لە ساڵی 2013 بەمەبەستی پەیداكردنی بژێوی ژیان لەگەڵ دوو كوڕ و هاوسەرەكەی روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام لە رێگەدا دەكەونە دەست چەكدارانی داعش و ئەشكەنجە دەدرێن.
ئەو دەڵێت: "ئێمە لەت عەفرینەوە بە پاس بەرەو هەرێمی كوردستان بەڕێكەوتین، دوای رۆیشتنمان بۆ ماوەی یەك كاتژمێر، لە سنووری پارێزگای ئەعزاز كەوتینە بۆسەیەكی چەكدارانی داعش و ئافرەت و پیاویان لە یەكتر جیا كردەوە، سەرو روخساری ئێمە و منداڵەكانمانیان پێچایەوە، لەبەر ئەوەی نەمدەزانی نوێژ بكەم، لەبەر چاوی منداڵەكانم من و خەسووی منیان ئەشكەنجە دا، منداڵەكانم دەستیان بە گریان كرد، ئەوان جلی رەشیان لەبەر بوو، لەسەر نێوچاوانیان ناوی خودا نووسرا بوو و چەقوویان لەسەر كەمەریان بەستبوو، بەڵام هیچیان پێڵاویان لەبەر نەبوو و هەموویان پێ پەتی بوون".
دوای دەستگیركردنی جەمال عەبدۆی هاوسەرەكەی لە ساڵی 2013ـەوە تا ئێستا دیجلە هیچ سۆراخێكی نازانێت، ئاخۆ ماوە یان مردووە.
هەروەها دیجلە دەڵێت: "دوای چەند رۆژێك لە دەستگیركردنمان، دووبارە ئێمەیان بە پاس رەوانەی عەفرین كردەوە، بەڵام هاوسەرەكەم لە دەستی ئیەوان مایەوە، گوتیان دوای 10 رۆژی دیكە هاوسەرەكەت دەنێرینەوە، بەڵام ماوەی 7 ساڵ تێپەڕی و هێشتا یەكترمان نەبینیوەتەوە، دەمەوێت هاوسەرەكەم بە زیندوویی بگەڕێتەوە، ئەو كاتەی رووبەڕووی ئەو كارەساتە بووینەوە، كوڕە بچووكەكەم تەمەنی یەك ساڵ بوو و ئەوی دیكەشیان تەمەنی 2 ساڵان بوو، كوڕە بچووكەكەم هیچ شتێكی ئەوكاتی بەبیر نییە، بەڵام كوڕە گەورەكەم رووداوەكەی لەبیر ماوە و ئێستاش دەگریێت".
ئیسلام ئەلیاسیش كە باوكی دیجلەیە باس لە رووداوەكە دەكات و دەڵێت: "ئەوانەی لەلایەن داعشەوە دەستگیردەكران زەردەشتی بوون، بۆیە هەر كەسێك بكەوتبایە دەستیان بە زۆر موسڵمانیان دەكرد، ئەوانەی بە قسەی ئەوانی نەكردبا زۆر ئەشكەنجەیان دەدان، لەبەر ئەوەی تاتۆ لەسەر جەستەی كوڕەكەمان هەبوو و ناوی دایكی بە تاتۆ لەسەر سینگی خۆی نووسیبوو، بۆیە زۆر ئەشكەنجەیاندا، ئەوانەی لەبەر دەستی ئەوان دەكوژران، هەواڵەكە زوو دەگەیشت، بەڵام ماوەی 7 ساڵە زاواكەمان لە دەستی ئەوانە و هیچ سۆراخێكی نازانین".
ئەو خێزانە عەفرینییە كە ئێستا لە ئیستانبوڵ ژیان بەسەر دەبەن، دەڵێن: لەبەر ئەوەی گروپە چەكدارەكان لە عەفرین دەستیان بەسەر ماڵ و موڵكی ئەواندا گرتووە، بۆیە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان لە وڵاتەكەیان.
K24
