ئەو کچە کوردەی ئەردۆغان لەسەر کوشتنی هاتەدەنگ، بەخاکسپێردرا

ئەو کچە کوردەی ئەردۆغان لەسەر کوشتنی هاتەدەنگ، بەخاکسپێردرا
پنار گولتەکین دوای کوژرانی لەلایەن هاوڕێیەکی خۆیەوە، تەرمەکەی برایەوە بۆ زێدی خۆی و لە بەدلیس بەخاکسپێردرا، باوکی دەڵێت، هەفتەیەک بەر لە کوژرانی تەلەفۆنی بۆ کردووە و گوتوویەتی بێتاقەتە و دەیەوێت بێتەوە.

باوکی دەڵێت، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە پناری گوتووە، "کەمێک ئارامبگرە خۆم دێم بەدواتدا"، بەڵام مەرگ رێگەینەدا پنار بە باوکی شادبێتەوە.

پنار کچێکی کوردی تەمەن 27 ساڵ بوو، خوێندکاری زانکۆی موغڵای بوو؛ کوژرانی پنار کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کوشتنی پناری سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، ناهێڵن خوێنی پنار گوڵتەکین بەفیڕۆ بچێت و بکوژەکەی بە تووندترین شێوە سزادەدەن.

پۆلیس هەر زوو تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد کە هاوڕێی پنار بووە. جەمال مەتین ئاڤجی، هاوڕێی پنار و بکەری تاوانەکە لە گوتەکانی خۆیدا لە دادگا دانی بەوەدا نا کە شەوی 16ی تەممووز چووەتە ماڵی پنار، بووەتە دەمەقاڵەیان و خنکاندوویەتی، پاشان تەرمەکەی خستووەتە نێو بەرمیلێکەوە و لە باخچەی ماڵەکەیدا بەنزینی پێدا کردووە و سووتاندوویەتی؛ دواتریش سەری بەرمیلەکەی بە چیمەنتۆ داخستووە و خستوویەتە نێو سندوقی ئۆتۆمبێلەکەی و لە دارستانێکدا فڕێیداوە.













رووداو
Top