تەندروستیی سلێمانی: سەلامەتترین کەس ئەوانەن کە کۆرۆنایان گرتووە و چاکبوونەتەوە
خالید عەتا، ساڵانێکە بە پیکابەکەی شووتی، کاڵەک و ھەنار دەفرۆشێت، ئەو شاعیرە و نازناوی [سانی]یان پێداوە، دەڵێت "سەرەڕای ئەو هەموو نەخۆشی و ناڕەحەتییە، تووشی قسەی خەڵک دەبیتەوە و بەشێک لەو خەڵکە بە نەخۆشییەکی قێزەونی دەزانن، واتە خەڵک خۆی لێی دووردەگرن، تەنانەت کۆمەڵێک لە ئەندامانی ماڵەوەمان کە ماڵیان لە ئێمە جیایە و لە ئێمەوە دوورن، وەکو خوشک و برا و دایکم، خەڵک لەوانیش خۆیان دووردەگرن".
چرۆ رۆستەم یەکێکە لەو هاونیشتمانیانەی کە چەند رۆژێک دوای چاکبوونەوەی لە کۆرۆنا، پلازمای خوێنی بەخشی بە ھونەرمەندی میللی عەتا چاوشین، دەڵێت "رۆژانە پێش ئەوەی خەڵک بزانێت کە تووشی ڤایرۆسەکە بووم، شەش حەوت کڕیارم بە بەردەوامی هەبووە، بەڵام دوای زانینی تووشبوونم بە ڤایرۆسەکە خەڵک زۆر سڵم لێدەکەنەوە، دەڵێن نەیەیتە پێش و خۆی دووردەکاتەوە؛ ئەمەش کەمێک قورسە، ناخۆشە بەو شێوەیەی خەڵک مامەڵە دەکات".
تاوەکو ئێستا زۆرترین تووشبووانی دەستنیشانکراوی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای سلێمانییە، بەڵام ھەفتە دوای ھەفتە چاکبوونەوە و مردنیش بەو نەخۆشییە لەو سنوورە بەرەو داکشان دەچێت، نزیک بە مانگێکە قەرباڵخیی بەردەم نەخۆشخانە و سەر بێدەکانی خەواندن کەمبوونەتەوە.
د. ھێرش سەیدسەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات "کۆرۆنا نە عەیبەیەکی کۆمەڵایەتیی گەورەیە، نە ئیرادەی ئەو کەسەی تێدایە کە تووشدەبێت، نە پرسێکیشت پێدەکرێت و نە کە چاکیشدەبیتەوە دەبیتە پەڵەیەکی ناشرین یان دەبیتە سەرچاوەیەکی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، ئێستا سەلامەتترین کەس ئەوانەن کە کۆرۆنایان گرتووە و چاکبوونەتەوە، من یەکێکبووم لەوانە و ئێستا تۆ دەتوانیت بە ئارەزووی خۆت بێی ماچم بکەیت و ماچت بکەم بەبێ ئەوەی ترست هەبێت لەوەی کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بیت".
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی نزیکەی 150 تووشبووی دەستنیشانکراوی کۆرۆنا ماون، کەرەنتینکراوەکانیش کەمتر لە 100 کەس دەبن.
رووداو
