بەڕێوەبەری پۆلیسی کەلار 40 ملیۆن دینار بۆ کارمەندەکانی قەرز دەکات
عەمید ئومێد مەجید، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەلار راگەیاند "دۆخی دارایی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیانەوە خراپە، لەگەڵ هاوڕێیەکم قسەمکرد کە خاوەنی نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوە، داوای بڕی 40 ملیۆن دینارم کرد، ئەویش بۆی ناردم".
بەڕێوەبەری پۆلیسی کەلار گوتیشی "پارەکە لەڕێگەی لیژنەی دابەشکردنی مووچەوە دەدرێت بەو کارمەندانەی باری داراییان خراپە، هەر پۆلیسێک 150 هەزار دیناری پێدەدرێت، دواتر کە مووچە هات لێی وەردەگیرێتەوە، ئەگەر لەو بڕەی دیاریکراوە زیاتری ویست، پێی دەدرێت".
پارەکە بەسەر نۆ بنکەدا دابەشدەکرێت، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەلار دەڵێت، لە ئەگەری خواستی زیاتری کارمەندانی پۆلیس "قەرزی دیکەشیان بۆ دەکەم و دەبمە کەفیلیان".
بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، مووچە لەکاتی خۆیدا دابەشناکرێت، ئەمەش گرفتی دارایی بۆ مووچەخۆران دروستکردووە.
رووداو
