ئەوقافی سلێمانی لەبارەی وێنەی پیاوە بەتەمەنەکەوە روونکردنەوە دەدات
لە روونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانیدا هاتووە، وێنەی ئەو کەسەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە "كارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سلێمانی نییە و هیچ پەیوەندییەكی بە وەزارەتەكەمانەوە نییە".
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەی ئەوقافی سلێمانیدا هاتووە "روون و ئاشکرایە کە ئەم كارە بە ھیچ شێوەیەک پەیوەست نییە بە وەزارەتمان، بەڵکو دام و دەزگای دیکەی فەرمی هەن کە ئەم کەسانە لەخۆدەگرن".
پێشتر توانا ئەمینی نووسەر وێنەی هاونیشتمانییەکی بەتەمەنی بڵاوکردبووەوە و لەسەر وێنەکە ئاماژەی بەوە کردبوو "ئێستا کاژێر 02:20 خولەکی شەوە، لە نەخۆشخانە بۆ ماڵەوە دەڕۆشتمەوە، لە گەڕەکی عەقاریی سلێمانی و بەرامبەر ئەمنەسوورەکە، لە ناوەڕاستی شەقامەکەدا ئەم پیاوە بەتەمەنە دانیشتووە، چوینە لای زۆر ماندووبوو، مجێوری مزگەوت بووە و دەرکراوە و کەوتووەتە سەر جادە".
رووداو
