رێككەوتنێك بۆ چاودێری كردنی بەنزینخانەكان جێبەجێ دەكرێت
ئاری كاكەشین، بەرێوەبەری دابەشكردنی سوتەمەنی هەولێر رایگەیاند: "لەسەر رێنمایی پارێزگاری هەولێر بە رێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ماوەی مانگێكە كاری گەڕان و چاودێری كردنی بەنزینخانەكان بە لیژنەكانی ئێمە سپێردراوە، رۆژانە سێ لیژنەی ئێمە كاری پشكنین و چاودێری كردنی بەنزینخانەكان دەكەن".
گوتیشی: "لیژنەكان نمونەی بەنزینەكان وەردەگرن و پشكنینیان بۆ دەكرێت، ئەوەی بە پێی مواسەفات نەبێت، رێكاری یاسایی و غەرامەكردنی بەرامبەر دەگیرێتەبەر ئەگەر دووبارە بكرێتەوە ئەوە غەرامەكان زیاتر دەكرێن بەنزینخانەكەش دادەخرێت".
ئەو بەرپرسەی دابەشكردنی سوتەمەنی روونیشی كردەوە، ئێستا بەنزینی خراپ زۆر كەم بووە، هۆكارەكەشی بۆ توندكردنی رێكارەكانی چاودێریی كردنی بەنزینخانەكان دەگەڕێتەوە، پشتیوانی پارێزگاش بۆ لیژنەكانمان گرنگی هەبووە بۆ ئەوەی چاوپۆشی لە هیچ بەنزینخانەیەكیش نەكرێت، لە رێگەی لیژنەیەك بڕیارە زانیاری تەواو لەسەر بەنزینخانەكان كۆبكەیەنەوە و لەرێگەی بەرنامەیەك بە یەكتریان ببەستینەوە.
سەبارەت بە نرخی بەنزین ئاری گوتی: "نرخەكان گونجاون و بەرزنین و زۆربەی بەنزینەكان كە پشكنینیان بۆ دەكەین باشن، نرخەكان لیتری لە خوار 400 دینار یان 400 بەسەرەوەیە، بەرهەمەكانیش زۆربەیان ناوخۆیین، هەندێكی تر عێراقیین و هەندێكی تریش توركی و ئێرانییە".
هەروەها بەرێوەبەری دابەشكردنی سوتەمەنی هەولێر پێیوایە بەهۆی رێكارەكانی خۆپارێزی پاش كۆڕۆنا و كەمبوونەوەی دەوام، ئێستا لە هەولێر بەنزین بەراورد بە پێشووتر كەمتر بەكاردێت.
بەپێی ئامارەکان لە سنوری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 250 بەنزینخانەی جۆراوجۆر هەیە.
باسنیوز
