سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/7/26، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کرد، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی کۆچبەران و ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان و زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوی ئارەزوومەندانە بۆ ناوچەکانیان کرا.
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ میوانداریکردنی ئاوارە و پەنابەران کە بەبێ هیچ جیاوازییەک پێشوازی لێ کردوون و خزمەتگوزاری پێشکەش کردوون، ئامادەیی وەزارەتەکەشی دەربڕی بۆ هەر هەماهەنگییەکی پێویست لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە سەرباری دۆخی سەختی ئابووری، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە میوانداریکردنی زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار پەنابەر و ئاوارە کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم ئەرکەدا هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بن، گوتیشی: "هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە نموونەیەکی گەشی میواندۆستی و پەناگەیەکی ئارام دەمێنێتەوە بۆ هەموو ئەوانەی لە ترسی تیرۆر و تۆقاندن و چەوساندنەوە ڕووی تێدەکەن".
باسنیوز
