ماوەی ١٠ ڕۆژە كادیرێكی هەدەپە لە سلێمانی بێسەروشوێنە
بەپێی زانیارییەكان، ماوەی ١٠ ڕۆژە، كەسێكی خەڵكی باكووری كوردستان كە لە سلێمانی نیشتەجێیە، بێسەروشوێنە و كەسوكارەكەی و هاوڕێكانی زانیارییان لەسەر چارەنووسی نییە.
لەمبارەیەوە عابد ئیکە، نوێنەری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ چارەنووسی ئەو ئەندامەیان داوایان لە ئاسایشی سلێمانی کردووە کە هاوکارییان بکات لە دۆزینەوە و ئاشکراکردنی.
ڕوونیشی كردەوە، ئەو كەسە ناوی عەلی ئەحمەد قەیارەیە، ”ئەندامی چالاکی ئێمەیە و بۆ ئەو بابەتە سەردانی یەکێتی و ئاسایشی سلێمانیمان کردوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا چارەنووسی نادیارە“.
بەپێی زانیارییەكان، عەلی ئەحمەد خەڵکی شاری سێرتی باکووری كوردستانە، ماوەی نۆ ساڵە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و کرێکاری دەکات، بەپێی زانیارییەکان، لە دەوروبەری كاتژمێر ٧ی بەیانی لە رۆژی ١٥ی تەمووزی ٢٠٢٠ دیارنەماوە و تەلەفۆنەکەشی داخراوە.
باسنیوز
