سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان: شەممە پارتی و یەكێتی لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كۆنابنەوە

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان: شەممە پارتی و یەكێتی لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كۆنابنەوە
دڵشاد شەهاب، راوێژكاری باڵای سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا رایگەیاند "هەوڵدان هەن بۆ ئەوەی پارتی و یەكێتی كۆببنەوە، بەڵام بۆ رۆژی شەممە هیچ كۆبوونەوەیەك دانەنراوە لە سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەردوولادا".


سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان راگەیاند، كۆبوونەوەی پەرلەمان لە رۆژی یەكشەممەدا یاساییە، چونكە 16ی ئەو مانگە د. رێواس فایق سەرۆكی پەرلەمان بە نووسراو داوای ناردنی وەزیرەكانی لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە بۆ ئەو كۆبوونەوەیەی پەرلەمان.

بڕیارە رۆژی یەكشەممە 26ی تەممووزی 2020 پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە. كۆبوونەوەكە لەسەر داوای سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەبێت، كە بە نووسراوێك پێشتر رۆژەكەی دیاریكردووە.

كۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر داوای سەرۆكی پەرلەمان دەبێت

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 16ی تەممووزی 2020 بە نووسراوی ژمارە 1200 داوای لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردووە، چەند وەزیرێك بەپێی داوای لیژنەكانی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان لەسەر پرسە هەنووكەییەكان بنێرێتە پەرلەمان، بۆ ئامادەبوون لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژانی 26 و 27 و 28ـی ئەو مانگە.

لەسەر بنچینەی نووسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی تەممووزی 2020، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بانگهێشتی پەرلەمانتارانی كرد كە رۆژی یەكشەممە، ئامادەبن بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان.

بەگوێرەی زانیارییەكان، نزیكەی 10 وەزیر و بریكار و بەرپرسانی ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەی كۆبوونەوەكە دەبن.

سەبارەت بە بەشداریی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆبوونەوەی یەكشەممەی پەرلەمانی كوردستان، هێشتا بڕیاری یەكلاییكەرەوە نەدراوە. بەگوێرەی زانیارییەكان، فراكسیۆنی یەكێتی چاوەڕێی كۆبوونەوەی هاوبەشی پارتی و یەكێتی دەكات، بۆئەوەی بڕیار لەسەر بەشداریكردن یان بەشدارینەكردن لە كۆبوونەوەی رۆژی یەكشەممەی پەرلەمانی كوردستان بدەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست كەوتوون، بڕیارە سبەی هەینی، مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی كۆببێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر كۆبوونەوەی شەممە و دیاریكردنی ئەندامانی شاندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی تەممووز مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە شارۆچكەی پیرمام كۆبووەوە.













رووداو
Top