هەڤاڵ ئەبوبەکر: قەرەبووی ئەو جووتیارانە دەکەینەوە زەوییەکانیان بەر 100 مەتری دەکەوێت

هەڤاڵ ئەبوبەکر: قەرەبووی ئەو جووتیارانە دەکەینەوە زەوییەکانیان بەر 100 مەتری دەکەوێت
دانیشتووانى ئەو گوندانە دەبینن کە زەوییەکانیان دەکەوێتە بەر پرۆژەى شەقامى 100 مەتریی سلێمانى، ئەوان حەوت ساڵە و لە یەکەم بەردى بناخەکەیەوە بەڵێنى قەرەبوویان پێدەدرێت و تاوەکو ئێستاش هەر بەڵێنە. پارێزگاری سلێمانیش داوا دەکات هیچ لایەنێک کێشە بۆ پرۆژەکە دروستنەکات و دەڵێت، لە ئاییندەیەکی نزیکدا کێشەی ئەو جووتیارانە چارەسەر دەکات.

بەشێکى زۆرى ئەو زەوییانەی بەر پرۆژەکە دەکەون تاپۆى فەرمییان نییە، یان گرێبەستن یان موڵکى وەزارەتەکانی شارەوانى، کشتوکاڵ و ئەوقافن و ئەو جووتیارانە بە کرێ کاریان تێداکردووە.

حیسام فەتاح، نوێنەری ئەو جووتیار و خاوەن زەوییانەیە کە داوای قەرەبوو دەکەن دەڵێت، "لە سەردەمى بەهرۆز حەمەساڵحەوە بەڵێنمان پێدەدرێت و نایبەنەسەر".

بۆ یەکلاییکردنەوەى ئەو کێشانە، نوێنەرى سەرۆکایەتىی ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەند وەزارەت و فەرمانگەیەکى پەیوەست بە شەقامەکە لە کۆمپانیاى قەیوان کە جێبەجێکاری پرۆژەکەیە کۆبوونەوە. لە ئەنجامدا ئەو بابەتەیان رادەستى لیژنەیەکى باڵا کرد.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى لەبارەی ئەو کەیسە گوتی ، لەسەر داواى وەزیرى شارەوانى و بە ئامادەبوونى وەزارەتى کشتوکاڵ و ناوخۆ، لیژنەیەکى باڵا بە سەرۆکایەتیى ئەو پێکهاتووە. "هەموو لایەک دڵنیادەکەمەوە لە ماوەیەکى زۆر نزیکدا قەرەبووى هەموولایەک دەکەینەوە".

بەشى یەکەمى شەقامی 100 مەتریی سلێمانى 32 کیلۆمەترە کە زۆرینەى بەناو زەوى و موڵکى گوندنشیناندا دەڕوات، پێشتر شارەوانیی سلێمانى بڕیاریدابوو نەخشەى بنچینەیی شەقامەکە بداتە وەزارەتى کشتوکاڵ بۆ ئەوەى جیاکردنەوە و قەرەبوویان بۆ بکات، بەڵام دووەم بەردى بناخە دانرا و نەخشەکە تەواو نەبوو.

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى سلێمانى دەڵێت، "دەبوو پێش دەستبەکاربوون خەمڵاندن و کوژاندنەوە بۆ ئەو زەوییانە بکرێت، بەڵام نەکراوە، ئێستا بەبێ پشکنین خەمڵاندن سوودێکى نییە".

پرۆژەکە بەردەوام دەبێت، لە رۆژى شەممەوە لیژنەى خەمڵاندن و قەرەبوو لەگەڵ گوندنشینانى ناڕازى کۆدەبنەوە، راپۆرتى کۆتاییش لەماوەى یەک هەفتەدا دەدرێتەوە بە پارێزگار بۆ بڕیاردان لە قەرەبووکردنەوە.













رووداو
Top