لەبارەی مووچە و دانوستاندنەکانی هەولێر و بەغدا سێ وەزیر لە پەرلەمان ئامادە دەبن

لەبارەی مووچە و دانوستاندنەکانی هەولێر و بەغدا سێ وەزیر لە پەرلەمان ئامادە دەبن
سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەڵامی نووسراوێکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی "قەیرانی دارایی و مووچەی فەرمانبەران و دانوستاندنەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا" دەداتەوە و دەڵێت، سێ وەزیر، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە دەبن.

نووسراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان واژۆی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و 23-7-2020 دەرچووە. تێیدا هاتووە، ئەو وەزیرانە ئامادە دەبن بریتین لە: "وەزیری دارایی و ئابووری، وەزیری پلاندانان و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران".

بەپێی نووسراوەکەی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەو وەزیرانە لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران لە رۆژی سێشەممە 28-7-2020 لە پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەبن.

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 16ـی تەممووزی 2020 بە نووسراوی ژمارە 1200 داوای لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كردووە، چەند وەزیرێك بەپێی داوای لیژنەكانی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان لەسەر پرسە هەنووكەییەكان بنێرێتە پەرلەمان، بۆ ئامادەبوون لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژانی 26 و 27 و 28ـی ئەم مانگە.

لەسەر بنچینەی نووسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی تەممووزی 2020، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بانگهێشتی پەرلەمانتارانی كرد كە رۆژی یەكشەممە، ئامادەبن بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان.












رووداو
Top