پەرلەمانتارێکى گۆڕان: پەرلەمان کۆ دەبێتەوە و سەرۆکی پەرلەمانیش بەشداری دەکات

پەرلەمانتارێکى گۆڕان: پەرلەمان کۆ دەبێتەوە و سەرۆکی پەرلەمانیش بەشداری دەکات
ئەندامێکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رای گەیاند پەرلەمان هەفتەى داهاتوو دەست بە کۆبوونەوەکانى دەکاتەوە و رێواز فایەقیش سەرۆکایەتى کۆبوونەوەکان دەکات.

بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان راى گەیاند: "سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان واژۆى لەسەر ئەوە کردووە کە رۆژانى یەکشەممە و دووشەممە و سێشەممەى هەفتەى داهاتوو پەرلەمان کۆ ببێتەوە و خۆیشى سەرۆکایەتیى کۆبوونەوەکان بکات، ئەوەى بە لاى بزووتنەوەى گۆڕانەوە گرنگە، کۆبوونەوەى پەرلەمانە بەتایبەت لەم کاتەدا، ئێمە دەمانەوێت پەرلەمانێکى کارامان هەبێت".

راشی گەیاند: "گرنگە لەسەر پرسەکانى خاڵە سنوورییەکان و بۆردوومانی خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیا و ئێران و دۆخى ناوچە کوردستانییەکان و دۆخى دارایى، پەرلەمانى کوردستان کۆبوونەوەکانى ئەنجام بدات، چونکە ئەم پرسانە پەیوەندییان بە ژیانى خەڵکى کوردستانەوە هەیە و دەبێ پەرلەمان ڕۆڵى خۆى بگێرێت".

لەبارەى بەشداریکردنى فراکسیۆنى یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە کۆبوونەوەکانى داهاتووى پەرلەمان ئەو پەرلەمانتارەى گۆڕان ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "تا ئێستا دیار نییە ئەندامانى فراکسیۆنى یەکێتى بەشدارى کۆبوونەوەکان دەکەن یان نا، بەڵام ئەوەى گرنگە پەرلەمان کۆ دەبێتەوە و چەندین پرسى گرنگ تاوتوێ دەکات".











باسنیوز



Top