سکرتێری پەرلەمان: هەفتەی داهاتوو پەرلەمان كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیدا بەرنامەی كار رادەگەیەنن و بە دڵنیاییەوە هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێـتەوە و ژمارەیەك وەزیریش بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێن.
دوای ئەوەی دوێنێ بڕیار بوو دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی كۆبوونەوەكە ئەنجام نەدرا.
مونا قاوەچی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لەمبارەوە لە پرێس کۆنفرانسێکدا رای گەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە كۆبوونەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی رێواز فایەق بەڕێوە دەچێت و بەرنامەی كاریش دادەنێن و هەفتەی داهاتووش كۆبوونەوەی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەبێت".
گوتیشی: "بەپێی بەرنامەی كارەكەش بێت ئەوە وەزیرانەی كە پەرلەمان داوای لە حكوومەتی هەرێم كردبوو ئامادە دەبن، لەبارەی رۆژی كۆبوونەوەشەوە ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتی بریاری كۆتایی لەبارەی رۆژی دەستپێكردنی كۆبوونەوەكان دەدات".
بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ بکەنەوە و سێ وەزیری ناوخۆ، تەندرستی و پێشمەرگە لە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەماندا بەشدار بن.
باسنيوز
