ئۆکراینا ڤیزە لەسەر چەند وڵاتێکی عەرەبی هەڵدەگرێت

ئۆکراینا ڤیزە لەسەر چەند وڵاتێکی عەرەبی هەڵدەگرێت
گەشتیارانی ئوسترالیا، نیوزیلاند و چوار وڵاتی عەرەبی کە بریتین لە هەریەکە لە بەحرێن، کوێت، عومان و سعودیە، لە 1ی ئابەوە چیدیکە پێویستیان بە ڤیزە نابێت بۆ سەردانیکردنی ئۆکراینا؛ مەرجی وڵاتەکەش بۆ گەشتیارانی ئەو وڵاتانە ئەوەیە کە ماوەی گەشتەکانیان 90 رۆژ زیاتر نەبێت.

ئەم بڕیارە لەلایەن ڤلادیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرایناوە رۆژی 21ی تەممووز واژۆ کراوە، مانگی رابردووش زیلینسکی رایگەیاند، بەنیازن ڤیزە لەسەر گەشتیارانی چەند وڵاتێک هەڵگرن، لەنێویاندا چین، ئەوەش بەمەبەستی راکێشانی سەرنجی گەشتیاری زیاتر بۆ دوای هەڵگرتنی رێکارەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.

ساڵی رابردوو، ئۆکراینا ڤیزەی ئەلیکترۆنیی ناساند بۆ هاووڵاتییانی 52 وڵاتی جیهان، لەنێویاندا چین و ئوسترالیا.

ئێستا هاووڵاتییانی سەرجەم وڵاتانی سەر بە سۆڤیەتی پێشوو، ئەمریکا، کەنەدا، یەکێتیی ئەوروپا و هەندێک لە وڵاتانی کیشوەری ئەمریکای باشوور دەتوانن بۆ ماوەی زیاتر لە 90 رۆژ بەبێ ڤیزە بچنە ئۆکراینا.

هاووڵاتییانی پێنج وڵات کە بریتین لە هەریەکە لە ئەرمینیا، ئازەربایجان، جۆرجیا، مۆڵدۆڤا و ئۆزبەکستان دەتوانن بەبێ ڤیزە بچنە ئەو وڵاتە و چەندێک بیانەوێت تێیدا بمێننەوە.














رووداو
Top