پارێزگاری دهۆك: لە جەژن دا قەدەخەی هاتووچۆ لە دهۆك راناگەیێنین

پارێزگاری دهۆك: لە جەژن دا قەدەخەی هاتووچۆ لە دهۆك راناگەیێنین
عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك رایگەیاند ئەو پڕۆژانەی لە دهۆك راگەیێندران هەلی كار بۆ هەزار بێكار دابین دەكات و "هەوڵدەدەین كرێكاری ناوخۆیی سوود لەو هەلی كارانە وەربگرن"، سەبارەت رۆژانی جەژنیش گوتی قەدەخەی هاتن و چوون لە پارێزگای دهۆك راناگەیێنن. دڵنیایی دایە قەزاكانی پارێزگای دهۆك و گوتی "وەك قەزای زاخۆ لە قەزاكانی دیكەش پڕۆژەی گرنگ ئەنجامدەدەین".

عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك رایگەیاند لە دوو رۆژی رابردوودا، سەرۆكی حكومەت بەردی بناخەی پڕۆژەیەكی ستراتیژی پیشەسازی خۆراكی لە قەزای سێمێل دانا و جگە لەوە لە قەزای زاخۆ بە گوژمەی 50 ملیار دینار بڕیاری لە ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەكی گرنگ دا.

سەبارەت داواكاری قەزاكانی دیكە، پارێزگاری دهۆك رایگەیاند "ئاگادارم خەڵكی ئاكرێ، ئامێدی و ناوچەكانی دیكەش داوای خزمەتگوزارییان كردووە، خەڵكی سەرجەم قەزاكانی دیكە پشتڕاستدەكەمەوە كە وەك زاخۆ لە كاتێكی نزیكدا چەندین پڕۆژەی گرنگ لەو قەزایانەش ئەنجامدەدەین، ئێمە جیاوازی لەنێوان خەڵكی هیچ ناوچەیەكدا ناكەین" .

نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە دهۆك تەواو دەكەین

سەبارەت ئەو پڕۆژانەی بەهۆی قەیرانی دارایی لە سنووری پارێزگای دهۆك راگیرابوون، پارێزگاری دهۆك دەڵێت "بەهۆی قەیرانی دارایی 224 پڕۆژە لە سنووری پارێزگای دهۆك راگیرابوون كە ٨٥%یان جێبەجێكراون تەواوبوونە، بەڵام كاركردن تێیاندا وەستاوە.

17 پڕۆژەی دیكەش هەن 65%یان جێبەجێكراون و كاركردن تێیاندا وەستاوە، ئێمە هەوڵدەدەین بەرە بەرە بەشێك لەو پڕۆژانە تەواوبكەین. لە نزیكترین كاتدا نەخۆشخانەی سنووری قەزای ئامێدی و نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە سەنتەری دهۆك تەواو دەكەین".

پارێزگاری دهۆك بەشێكی پلانی دهۆكی بۆ جەژنی قوربانیش ئاشكراكرد رایگەیاند " لە رۆژانی جەژندا، قەدەخەی هاتن و چوون لە دهۆك راناگەیێنین، بەڵام رێوڕەسمەكانی جەژن و كۆبوونەوەی خەڵك رێگەیان پێنادرێت، داوادەكەم خەڵك خۆیان لە كۆرۆنا بپارێزن و پابەندی رێنماییەكان بن".














رووداو
Top