تۆپبارانەکانی تورکیا زیانیان بە ژینگە و ئاژەڵە کێوییەکانی شێروان مەزن گەیاندووە

تۆپبارانەکانی تورکیا زیانیان بە ژینگە و ئاژەڵە کێوییەکانی شێروان مەزن گەیاندووە
کاژێر 04:30 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تەممووز فڕۆکەیەکی جەنگیی تورکیا بۆردوومانی چیای بۆڵێی سەر بە شارۆچکەی سیدەکانی کرد و بەهۆیەوە ئاگر لە پاوانی سنووری گوندی بۆڵێ کەوتەوە؛ هەروەها لەسەر سنووری نێوان باکووری کوردستان و هەرێمی کوردستان لەنزیک شارۆچکەی شێروان مەزن، شەڕ و پێکدادان لەنێوان تورکیا و پەکەکە روویداوە.

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکان راگەیاند "ئەمرۆ چوارشەممە بۆ جارێکی دیکە فڕۆکەی تورکیا کەوتەوە بۆردوومانکردنی ناوچە سنوورییەکانی شارۆچکەی سیدەکان و لە کاژێر 04:30 خولەک بۆ چوار جاری لەسەریەک بۆردوومانی چیای بۆڵێی لە سنووری گوندی بۆڵێ کردووە".

بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکان روونیشیکردەوە، بۆردوومانەکە زیانی گیانیی لە ریزی هاونیشتمانیان نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆر بە پاوان و دارستانی ناوچەکە گەیاندووە و رووبەری نزیکەی 10 دۆنم ئاگری لێ کەوتووەتەوە، گوتیشی "بەهۆی سەختی و مەترسیی ناوچەکە، ناتوانرێت تیمەکانی بەرگریی شارستانی بگەنە ناوچەکە و ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن".

بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە لە سنووری نێوان باکووری کوردستان و هەرێمی کوردستان بەشێکی زۆر لە ژینگە و پاوان سووتاون و ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵی کێویش مرداربوونەوە، غەفوور ماڵەسواری، قایمقامی مێرگەسوور راگەیاند "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی تۆپبارانی تورکیا بۆ ناوچەکانی سەر سنووری تورکیا و باشووری کوردستان و بەتایبەت لەنزیک ناحیەی شێروان مەزن شەڕ و پێکدادان لەنێوان تورکیا و پەکەکە دروستبوو".

قایمقامی مێرگەسوور گوتیشی "بەهۆی شەڕەکەوە چەند تۆپێک بەر ناوچەیەکی قەدەخەکراو لەنزیک گوندی [لێڕێ] کەوتن، زیانی بە رووبەرێکی فراوان لە ژینگە و پاوانی شوێنەکە گەیاند و سووتا، هەروەها بەهۆی زۆریی دووکەڵی ئاگرەکەوە ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵی کێوی مرداربوونەوە، چەند پرۆژەیەکی مێش هەنگیش سووتان و لەنێوچوون".

دوێنێ سێشەممە لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردوومانی گوندی مێرگەڕەشی لەو سنوورە کرا و بەهۆیەوە ئاگر لە سەنتەری گوندەکە کەوتەوە و زیانی ماڵی بەر خانوو و رەز و باخی هاونیشتمانیان کەوت.













رووداو
Top