خەرجکردنی پارەی سێ ساڵی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستانی یەکلایی دەکرێتەوە
مەیادە محەمەد پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "پارەی گەنمی ھەر سێ ساڵەکانی (٢٠١٤، ٢٠١٥ و ٢٠١٦) تا ئێستا نەدراوە بە جووتیارانی ھەرێمی کوردستان و لەمیانەی بەدوداچوونیشماندا بۆمان دەرکەوت کە ئەو پارەیە کاتی خۆی خرابووە سەر ھەژماری وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ ئەوەی ھاوشێوەی جووتیارانی عێراق بیداتە جووتیارانی ھەرێمی کوردستانیش، بەڵام بە بڕیارێکی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، خەرجکردنەکەی وەستاوە".
گوتیشی: " ئێمە ڕەخنەمان لەوەیە کە ئەو کارە بە سیاسی کراوە، لەکاتێکدا بابەتی جووتیاران پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە و چاوەڕوای ئەو کارە لە حکوومەتی بەغدا نەدەکرا".
مەیادە محەمەد باسی لەوەش کرد: "لە نوێترین ھەوڵیاندا بە نووسراو و لەڕێگەی قسەکردن لەگەڵ وەزیری ئێستای بازرگانیی عێراق، بەڵێنییان پێ دراوە کە لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو بابەتە یەکلا دەکەنەوە".
باسنیوز
