سەركردەیەكی كۆمەڵی ئیسلامی: پارتی هەنگاوی بۆ چاكسازی ناوە و هیوادارین ئەو چاكسازییانە بكرێت
بایز عەزیز، بەرپرسی ئەنجوومەنی قەڵادزێی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان ڕایگەیاند، ھەنگاوەکانی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی كۆمەڵ زۆر قۆناغی بڕیوە، تەنانەت کۆنفرانسی مەڵبەندەکانمان بەستبوو بۆ ئەوەی بتوانین لە کاتی خۆیدا کۆنگرە ببەستین، بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، پرسی بەستنی کۆنگرە دواخراوە، ھەروەھا بەھۆی ئاسایی نەبوونەوەی بارودۆخەکەوە تاوەکوو ئێستا ھیچ بڕیارێک نەدراوە تا بڵێین لە کاتێکی دیاریکراودا کۆنگرە دەبەستین، بەڵام ئەگەر کۆرۆنا لە نێو کۆمەڵگەدا نەمێنێت، بێگومان لە پاییزی ئەمساڵدا کۆنگرەی چوارەم دەبەستین“.
لەبارەی پەیوەندییەكانی حزبەكەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو سەركردەیەی كۆمەڵ رای گەیاند: ”کۆمەڵی ئیسلامی پێیخۆشە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی و حزبەکانی دیکە ئاسایی بێت“.
باسیشی لەوە كرد كە لەسەر چەند پرسێك ساردی لە پەیوەندییەكانی کۆمەڵ و پارتی دروست بووە، بەڵام ”پەیوەندییەکانمان نەگەشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار“.
ئەوەشی نەشاردەوە كە پارتی دەزانێت لە هەرێمی كوردستاندا گەندەڵی هەیە و ”هەنگاوی بۆ چاكسازی ناوە، بۆیە ھیوادارین ئەو چاکسازییانە بکرێت“.
باسنيوز
