کتێبە تازەکەی غازی حەسەن... سیمیۆلۆجیای گوتار لە نۆڤلێتی "ئەستێرەی ژەنیار"ی دڵزار حەسەن- دا

کتێبە تازەکەی غازی حەسەن... سیمیۆلۆجیای گوتار لە نۆڤلێتی
کتێبە تازەکەی غازی حەسەن... سیمیۆلۆجیای گوتار لە نۆڤلێتی "ئەستێرەی ژەنیار"ی دڵزار حەسەن- دا
لەم ماوەیەدا، نووسەر (غازی حەسەن) کتێبێکی تازەو دانسقەی بە چاپ گەیاند بە ناوی(سیمیۆلۆجیای گوتار لە نۆڤلێتی "ئەستێرەی ژەنیار"ی دڵزار حەسەن- دا)، کتێبەکە قەبارە مامناوەندییەو لە (٢٧٧) لاپەڕەدایە، لە سێ بەش پێکھاتووە پێشەکی و بەشی دووەم لایەنە تیۆرییەکانی لێکۆڵینەوە و ئەو ڕێباز و سەرچاوە زمانەوانییانەی لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا پشتی پێ بەستراوە، لە بەشی یەکەمدا لەتەک پێناسەی گوتار و سیمیۆلۆجیا و کردە قسە، پێناسەی ڕۆمان و ئەرکی زمان و گوتاری ڕۆمان و گێڕانەوە و دەق و زمانی ڕۆمان و سیمیۆلۆجیای کات و شوێن و کەسایەتییەکان بەوردی کاری لەبارەوە کراوە. بەشی دووەم بریتییە لەشیکردنەوەی پێکھاتەی دەقی "ئەستێرەی ژەنیار". ناونیشان و پێکھاتەی دەربڕین و تێڕوانینەکان و پێکھاتەی واتا و پێکھاتەکانی گوتار و جۆری گوتار و شوێن و کات و گریمانەکان و کردەی پەیوەندیکردن و کردەی تێڕوانین و کردەی ھەواڵ و جۆر و بەشەکانی کردەی ھەواڵ. لەکۆتایی لێکۆڵینەوەکەدا کورتە و پووختەی باسەکە بەشێوەیەکی چڕکراوە ھەیە.
لەبەشێکی ئەم لێکۆڵینەوەدا (غازی حەسەن) دەڵێت: مرۆڤ واتایە، واتاش بەرھەم دەھێنێت، بەوە جیا دەکرێتەوە، کە ئێمە واتا لەڕێگەی بەکارھینانی نیشانەکان دروست دەکەین و شیکاریان دەکەین، ئێمە ناتوانین بیربکەینەوە تەنیا لەڕێگەی نیشانەکان نەبێت. نیشانەکانیش شێوەی وشە و وێنە و دەنگ و گێڕانەوە و نوکتە و خووڕەوشت، یان شتەکانی دیکە بەرجەستە دەکرێت، لەم لێکۆڵینەوەیەدا نووسەر کار لەسەر دەق و چۆنیەتی بەکارھێنانی زمان لەبەرھەمھێنانی گوتاری دەق کردووە، پشت بە شیکردنەوەی نیشانەکان و کردە قسەییەکان لەڕاپەڕاندن و بەکارھێنانی زمان لەدەوروبەرێکی دیاریکراودا دەکات.
لەبارەی زمانیشەوە ئاماژە بەوە دەکات، کە زمان ئەرکی پەیوەندیکردن بەرھەم دەھێنێت پەیوەندی لەنێوان قسەکەر و گوێگر لەپێناو ڕاپەڕاندنی ئەرک و پەیامێک ئەنجام دەدات. دەڵێت: لەڕووی واتا و بەکارھێنان و ئەرکیش، زمان بەو ئامراز و کەرەستەیە دەگوترێت، کە مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی کردەی پەیوەندیکردن لەنێوان خۆی و کەسانی دیکە بەکاری دەھێنێت.
دەکرێت بڵێین نووسەر لەم لێکۆلینەوەیەدا شیکردنەوە بۆ پێگە و ئەرک و ھێز و دەسەڵاتی خوێنەر دەکات، کە لە بەرھەمھێنانی گوتاردا پێگە و دەسەڵاتی نووسەر و خوێنەر یەکسانە، بایەخێکی زۆر بەئەرکی خوێنەر و وەرگری دەق و گوتارەکە دەدات. پێی وایە زمان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و گەشەکردن و مردنی تێدا ڕوودەدات، ئەرکێک ڕادەپەڕێنێت لەپێناو دروستکردنی فکرە و وێنە و واتا لەدەوروبەرێکی دیاریکراودا، لەڕێگەی قسەکەر و گوێگرەوە پرۆسەی قسەکردن ئەنجام دەدات.
لەبەشێکی شیکردنەوەی دەقەکەدا نووسەر (غازی حەسەن) گەیشتۆتە ئەوەی دەقی نەمر پەیوەستە بەپێگە و ڕۆڵی خوێنەر و وەرگرەوە. دەڵێت دەق بەرھەمھێنەری گوتارە، گوتاریش بەرھەمھێن و دیارخەری ناسنامە و ئەرک و پەیام و کردەی پەیوەندیکردنە لەنێوان نێرەر و وەرگر. پێشی وایە گوتاری دەق ژمارەیەک ئەرکی وەکو ئاگاداری و فەرمان و ھوشیاری و ڕەتکردنەوە و ئامۆژگاری و زانیاری پێدان و وەسف و جەختکردنەوە و پاساوھێنانەوە و درککردن... تاد ڕادەپەڕێنێت.
لەم لێکۆڵێنەوەدا بەوردی کار لەسەر ئەرک و پەیامی زمان و چۆنییەتی بەرھەمھێنانی گوتاری دەق و ئەرک و پێگەی خوێنەر و نووسەر کراوە. لێکۆڵینەوەکە پەیڕەوی ڕێبازی ئەکادیمی کردووە، لەچۆنیەتی داڕشتن و پێکھاتەی بەشەکان و ئەنجام و بەکارھێنانی سەرچاوە و فکرەی سەرەکیی لێکۆڵینەوەکە، یەکێکە لەو لێکۆلینەوە گرنگ و تاقانانەی لەنێو زمان و ئەدەبی کوردیدا ئەنجام دراوە. لەڕاستیدا زمان و ئەدەبی کوردی پێویستی بەم جۆرە توێژینەوە دەگمەنانە ھەیە و دەبێت، کە پشت بەمیتۆدی زانستی و خوێندنەوەی نوێ و ئاشانابوون بە ناوەڕۆکی دەق و دەسەڵاتی بەکارھێنانی وشە و دەق لەلایەن خوێنەر و نووسەرەوە دەبەستێت.
ڕێبازێکی نوێ، شێوازی نوێی لەچۆنییەتی ئەنجامدانی لێکۆڵینەی بەکارھێناوە. دەکرێت بڵێین ئەم جۆرە لێکۆڵینەوەیە جدییەتی وردو قوڵی لەتێگەیشتنی دەق و شیکردنەوەی ئەرکی دەق لەخۆگرتووە، کە بەداخەوە ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی کوردی تەنیا پشت شێوە و فۆرم و تێڕوانین و ھەڵبژاردنی خودی و برادەرایەتی دەبەستێت، بەپێچەوانە پەیڕوەی میتۆدێکی ئەکادیمی لەڕێگەی گەڕانەوە و پشت بەستن بەڕێباز و تیۆری زمانەوانی جیھانی وەکو (سۆسێر و پێرس و ئۆستن و میشیل فۆکۆ و باختین و بارت.. تاد بەستووە.
بەناوی گۆڤاری گوڵانەوە پیرۆزبایی لە نووسەر (غازی حەسەن) دەکەین بۆ لەچاپدانی ئەم کتێبە، کە کتێبخانەی کوردیی دەوڵەمەندکرد و ئەزموونێکی گرنگە بۆ شیکردنەوەی دەق و گوتار و چۆنییەتی بەکارھێنانی سیمیۆلۆجیا و شیکردنەوەی دەق و بایەخدان بەڕۆڵی خوێنەر لە بەرھەمھێنانەوەی گوتاری دەقدا.. بە ھیوای بەرھەمی زیاتر..
Top