دوای جەژنی قوربان حکومەتی هەرێمی کوردستان پارە بەسەر بەشێکی هەژاراندا دابەشدەکات

دوای جەژنی قوربان حکومەتی هەرێمی کوردستان پارە بەسەر بەشێکی هەژاراندا دابەشدەکات
حکومەتی هەرێمی کوردستان 14 ملیار دینار بەسەر 140 خێزانی هەژاردا دابەش دەکات. لە پارێزگای سلێمانی 45 هەزار کەس فۆرمی وەرگرتنی هاوکارییەکانی حکومەتیان پڕکردووەتەوە کە بڕیارە دوای جەژنی قوربان بەسەر ئەو کەسانەدا دابەشبکرێت کە مەرجەکان دەیانگرێتەوە.

پارەکە هى ئەو سەرمایەدارانەیە کە دەستپێکى کۆرۆنا وەک پاڵپشتى دایانە حکومەت. ئەوانەى هاوکارییەکە دەیانگرێتەوە دەبێت سەرەتا فۆڕمێک پڕ بکەنەوە کە
کۆمەڵێک مەرج و زانیارى لەخۆدەگرێت. مەرجى سەرەکى ئەوەیە کە دەبێت خاوەن خێزان مووچەکەى لە خوار 400 هەزار دینارەوە بێت.

محەممەد ئەحمەد، کرێکارە و دەڵێت، "لێیان پرسیم بۆ مووچە و کەمئەندامى، گوتم هیچیانم نییە، ئیتر وەکو ئەو خەڵکە پڕم کردەوە".

رەفیق ئەحمەد، کرێکارێکی دیکەیە و دەڵێت، "لە بازاڕەوە هاتم و فۆڕمەکەم بە 500 دینار کڕیوە. کرێکارم و هیچ مووچەیەکم نییە".

هەر خێزانێک 100 هەزار دیناری دەدرێتێ و تەنیا بۆ یەک جار دابینکراوە. بەگشتییش 140 هەزار خێزان هاوکارییەکەیان بەردەکەوێت. لە هەولێر 49 هەزار خێزان پێیاندەدرێت، لە سلێمانى 35 هەزار، دهۆک 35 هەزار، هەڵەبجە پێنج هەزار و 500 خێزان، گەرمیان حەوت هەزار و 200 خێزان و راپەڕین هەشت هەزار و 300 خێزان.

نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەرى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى لە سلێمانى باس لەوە دەکات "ئەوەى بۆمان بووەتە کێشە خەڵکانێکى زۆر نایانگرێتەوە و فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە. خەڵک خۆى پڕى دەکاتەوە، ئێمە لەبەر کۆرۆنا نەمانتوانى".

بەپێى ئامارى دەستەى گشتیی ئامارى هەرێمى کوردستان تاوەکو پێش هاتنى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رێژەى هەژارى لە 5% بووە، بێکاریش لە 6%.

ئەوانەى بە بێکار دادانرێن تەمەنیان لە نێوان 15 تاوەک 64 ساڵدایە. مەرجی هەژارییش ئەوەیە کە کەسەکە مانگانە کەمتر لە 140 هەزار دینارى دەستبکەوێت. تەنیا لە سلێمانى سەروو 45 هەزار کەس فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە.

عومەر گوڵپى، بەڕێوەبەرى گشتیی چاودێریی و گەشەپێدانى کۆمەڵایەتیى سلێمانى راگەیاند، "کۆمەڵێک زانیاریى بنچینەیی لە کەسەکە وەردەگیرێت کە دەبێت خەڵکى ناوچەکە و خاوەن خێزان بێت، بەىڵێننامەى یاساییش پڕدەکاتەوە کە زانیارییەکانى دروستبن".

ئەوانەى لە داتابەیس و وردبینىی وەزارەتى کار و کارەوبارى کۆمەڵایەتى یارمەتییەکە دەیانگرێتەوە بڕیار وایە لە رێگەى کۆمپانیاکانى ئاسیاسێڵ و کۆرەک
تیلیکۆمەوە بە نامە ئاگادار بکرێنەوە و هەر لە رێگەى ئەوانیشەوە پارەکە وەربگرن.











رووداو
Top