لە هەولێر دەستدرێژی دەکرێتە سەر کرێکارێکی ئیندۆنیزی و دووگیان دەکرێت

لە هەولێر دەستدرێژی دەکرێتە سەر کرێکارێکی ئیندۆنیزی و دووگیان دەکرێت
ژنێکی تەمەن 29 ساڵی خەڵکی ئیندۆنیزیا نزیکەی نۆ مانگە بۆ کارکردن لە هەولێرە، سێ مانگە لە ماڵی کەسێکی عەرەب خزمەتگوزارە، بە گوتەی خۆی خاوەن ماڵ چەندجارێک کە هاوژینەکەی لە ماڵ نەبووە، دەستدرێژیی سێکسی کردووەتەسەر، بەڵام نایشارێتەوە، کە تەنیا خاوەن ماڵەکەی نەبووە، بەڵکو کەسێکی دیکەش دەستدرێژیی کردووەتەسەری، بۆیە ئێستا کە دووگیان بووە نازانرێت منداڵەکەی لەکێیە.

ئەو ژنە ئیندۆنیزییە کە ناوەکەی پارێزراوە، دەڵێت "کاتێک لەو ماڵە دەستم بە کارکردن کرد، هەر لە سەرەتاوە زۆر خراپ بوون لەگەڵم، چەندین جار لێیان داوم. چوار بۆ پێنج جار پیاوەکە دەستدرێژیی کردە سەرم، هەرکاتێک هاوژینەکەی لەماڵ نەدەبوو ئەو کارەی دەکرد. تەنانەت جاری یەکەم هەڕەشەی لێکردم کە نابێت لای کەس باسی بکەم. دواتر کە زانییان دووگیانم، گەڕاندیانمەوە کۆمپانیا. کۆمپانیا کە زانی ئاوام بەسەرهاتووە، پەیوەندیی بە باڵیۆزخانەوە کرد و ئیتر ئێستا من لێرەم و سکیشم حەوت مانگە".

ژنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "مانگی یەک کە ئیتر نەچوومە سووڕی مانگانەوە، زانیم کە سکم پڕە. هەرچەندە دوای ئەویش لەلایەن کەسێکی دیکەوە کە خەڵکی بەنگلادیش بوو، دەستدرێژی کرایە سەرم. زۆر شەرمەزاری خێزان و کەسوکارم بووم. من بۆ کارکردن هاتمە ئێرە، نەمزانی کەسایەتیم ئاوای لێدێت".

ئارام رەفعەت، پارێزەری ئەو کۆمپانیایەی کە ئەو ژنەیان هێناوە بۆ کارکردن، بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کردووە، هاووڵاتییە بەنگلادیشییەکە دەستگیرکراوە، بەڵام خاوەن ماڵەکە، کە ئەویش تۆمەتبارە خۆی نادات بەدەستەوە. پارێزەرەکە دەڵێت "پۆلیس بەمەبەستی دەستگیرکردنی تۆمەتبار چووەتە ماڵەکە، بەڵام تۆمەتبار لەماڵ نەبووە، هەر ئەو رۆژە لەلایەن بەرپرسێک و برای تۆمەتبارەکەش بە زمانی هەڕەشە داوامان لێکرا کە ئەو کەیسە دابخەین".

خاوەن کۆمپانیاکە دەڵێت، ئەوان تاوەکو کاتی رادەستکردنی کرێکارەکان بەرپرسن لە تەندروستییان، بەڵام کە چوونە ماڵی کەسەکە ئیدی ئەو دەبێتە کەفیل و تەنانەت پاسپۆرتەکانیشیان لای خاوەن ماڵ دەبێت تاوەکو گرێبەستی لە ماڵەکە تەواو دەبێت.

کۆمپانیاکە ئێستا داخراوە و عەلی ماجد، خاوەن کۆمپانیاکە دەڵێت "بەبێ فەرمانی دادوەر و تەنیا بە فەرمانی نشینگەی هەولێر، کۆمپانیاکەمان داخراوە"، پاسپۆرت و ئیقامەی ئەو ژنە ئیندۆنیزییەش لەلایەن خاوەن ماڵەکەوە دەستی بەسەردا گیراوە، خاوەن کۆمپانیاکەش داوادەکات بیدەنەوە.

نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە باڵیۆزخانەی ئیندۆنیزیا لە عێراق ئاگادارکراونەتەوە کە بەدواداچوونیان بۆ کەیسەکە کردووە. ئارام رەشید، نوێنەری باڵیۆزخانەی ئیندۆنیزیا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت "ئەو کەسەی کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە، ئێمەش چاوەڕوانی بڕیاری دادگا دەکەین و دواتر باڵیۆزخانە رێکارەکانی خۆی دەگرێتەبەر".











رووداو
Top