مەسرور بارزانی: هەوڵ دەدەین هەنگاوەكان خێراتر بكرێن تا زاخۆ بكرێتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ

مەسرور بارزانی: هەوڵ دەدەین هەنگاوەكان خێراتر بكرێن تا زاخۆ بكرێتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ
ئەمڕۆ سێشەممە 2020/7/21 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری زاخۆی کرد و لە باڵاخانەی قایمقامیەتی زاخۆ، لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری دەڤەرەکە کۆبووەوە .

لە کۆبوونەکەدا سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگیی و رۆڵی مێژوویی و شۆڕشگێڕانەی شاری زاخۆ و سنوورەکە بە گشتی و قوربانیدانەکانی کرد لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و گوتی، شاری زاخۆ هاوشان لەگەڵ ناوچە و دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان، شایستەی خزمەتکردنی زیاترە و هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ خزمەتکردنی ئەم دەڤەرە.

سەرۆکی حکوومەت بەرپرسانی ئیداریی دەڤەرەکەی ڕاسپارد کە بەبێ هیچ جیاوازییەک، خزمەتی هاووڵاتییان بکەن و داخوازیی و سەرنج و تێبینی و گازاندەکانی هاووڵاتییان بە سینگێکی فراوانەوە وەربگرن.

پاشان سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ کەسایەتییەکانی شاری زاخۆ و کەسوکاری شەهیدانی دەڤەرە کۆبووەوە و ئاماژەی بە کارنامە و پلانەکانی حکوومەت کرد بۆ خزمەتکردنی ناوچە و دەڤەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و ئەنجامدانی چاکسازیی هەمەلایەنی کارگێڕی و ئابوورریی.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی حکوومەتی هەرێم، گرنگیدانە بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و پشتگیریکردنی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و بەرووبوومی ناوخۆییە بە شێوەیەک کە کۆمەڵگەی کوردستان لە بەکارهێنەرەوە ببێتە بەرهەمهێنەر.

سەرۆکی حکوومەت بڕیاری ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە سنووری قەزای زاخۆ ڕاگەیاند کە بە پێی توانا داراییەکانی حکوزمەتی هەرێم بەم نزیکانە دەست بە جێبەجێ کردنیان دەکرێت. گوتیشی: ”کار دەکەین بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی کردنی زاخۆ بە ئیدارەیەکی سەربەخۆ خێراتر بکەین“.










باسنيوز





Top