150 مێگاوات بە تۆڕی گشتیی کارەبای هەرێمی کوردستان زیاد دەبێت

150 مێگاوات بە تۆڕی گشتیی کارەبای هەرێمی کوردستان زیاد دەبێت
بەرێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وەزارەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند لە دوورۆژی داهاتوودا 150 مێگاوات كارەبا دەخرێتە نێو تۆڕی گشتیی كارەبای هەرێمی كوردستانەوە.

دیار بابان، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان رايگەیاند: "پاش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو وێستگەی هەڵمی خەبات لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستانەوە كرایەوە، سەرەتا 150 مێگاوات ئامادە بوو، خرايە نێو تۆڕی كارەبا و لە دوو رۆژی داهاتوودا 150 مێگاواتی دیکەی وێستگەكە دەخرێتە نێو تۆڕی گشتیی كارەبای هەرێمی كوردستانەوە".

بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا گوتیشی: "ئەو وێستگەیە دوو یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبایە کە هەر یەكەیەك 150 مێگاواتە، یەكەیەكیان بە هەموو توانای خۆیەوە كار دەكات و ئەو یەكەیەی‌تریش چاكسازییەكی كەمی ماوە و لەم یەك دوورۆژەدا ئەویش بە تەواوی توانای خۆی دەكەوێتە كار، ئەگەر بەهۆی هاتنی كۆرۆنا نەبایە كە ماوەی 4 مانگ كاركردن لە وێستگەكە وەستاوە، ئێستا دەمێك بوو وێستگەكە بەتەواوی کەوتبووە کار".

دیار بابان جەختیشی كردەوە بە 300 مێگاوات کارەباوە وێستگەكە دەكەوێتە نێو تۆڕی گشتیی كارەبا و دەبێتە هۆی زیادكردنی نزیكەی 2 كاتژمێری تری كارەبای هەرێمی كوردستان و گوتیشی: "ئێستا لە هەرێمی كوردستان بەرهەمی كارەبامان لە سەرووی 3 هەزار مێگاواتە و وێستگەی هەڵمی خەباتیش كاریگەی باشی دەبێت بۆ بەرهەمی كارەبا و زیادبوونی كاتژمێرەكانی كارەبا، چونكە ئەو وێستگەیە 10%ی بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەكات".

رۆژی سێشەممە 14ی 7ی 2020 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای 300 مێگاواتی هەڵمیی خەبات بە گەڕ خرا.













باسنيوز



Top