لە دهۆک بەردی بناخەی گەورەترین پرۆژەی بەرهەمهێنان و هەڵگرتنی خۆراک دانرا
ناوچەی پیشەسازیی کانی سپیی خۆراک لەسەر رووبەری هەزار و 423 دۆنم زەوی لە دهۆک دروستدەکرێت کە 275 کارگە و 229 کۆگە لە خۆ دەگرێت و بەشێکیان ساردخانە دەبن.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پێویستە حکومەت هەم بەرنامەکەی خۆی وەکو ئەوەی بەڵێنی داوە جێبەجێ بکات هەم لەگەڵ کەرتی تایبەتدا پێکەوە هاوکاربن. حکومەت چەند بڕیارێکی داوە کە گرنگی بە کەرتی تایبەت بدرێت. ئامانجمان ئەوەیە کە بژێوی خەڵک لە دەستی خەڵکدا بێت و چاویان لە دامەزراندنی دامودەزگا حکومییەکان نەبێت. دەبێت بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ هەمووان ببێتە هێزێک".
جەلال محەممەد، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمپانیای یوبی هۆڵدینگ دەڵێت، "ئێمە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو پرژەیە سوورین و بەبێ دوودڵی کاری خۆمان تەواو دەکەین. بە بۆچوونی ئێمە ئەو پرۆژەیە هەر لایەنی ماددی نییە، بەڵکو ئەوە خزمەتێکی مەزنە کە خزمەتی ناوچەکە و پارێزگای دهۆک دەکات".
حەسەن محەممەد یەکێکە لەو وەبەرهێنەرانەی دهۆک کە دەیەوێت کارگەیەکی مەعکەرۆنی و شەعری لەگەڵ کۆگەیەکی لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکارەوە لەنێو ئەو ناوچەیەدا بۆ دروستبکرێت.
حەسەن محەممەد دەڵێت، "ئەو شوێنەی بۆ پرۆژەی پیشەسازیی خۆراک دانراوە شوێنێکی گونجاوە و هاوکاریی حکومەتیش زۆر باشە، بەڵام پێویستە ئەو هاوکارییە بەردەوام بێت".
زەویی ناوچە پیشەسازییەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابینکراوە و کۆمپانیای یوبی هۆڵدینگ جێبەجێی دەکات و دوای تەواوبوونی هەر مەتر دووجایەک بە 40 دۆلار دەفرۆشرێت.
کوردۆ ئیحسان، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە دهۆک دەڵێت، "ئەو پرۆژەیە خزمەتێکی زۆری کەرتی کشتوکاڵ دەکات و بەهۆیە بەرهەمی جووتیار بەشێوەیەکی باشتر ساخدەکرێتەوە و هەلی کاریش بۆ بەشیکی زۆری خەڵک دەڕەخسێنێت".
گوژمەی پرۆژەکە 70 ملیار و 108 ملیۆن دینارە. دوای تەواوبوونیشی هەلی کار بۆ زیاتر لە 30 هەزار کەس دەڕەخسێنێت.
رووداو
