هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: لە کۆبوونەوەی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان رۆڵی چاودێریکردن دەبینین

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: لە کۆبوونەوەی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان رۆڵی چاودێریکردن دەبینین
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رایگەیاند، لە گفتوگۆکانی نێوان پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەبارەی پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکان، تەنیا رۆڵی چاودێریکردن دەبینن و بەشێک نین لە ئەجێندای فەرمیی دانوستاندنەکان.

لەبارەی دۆخی ئەمنیی ناوچە جێناکۆکەکان، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش گوتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هاوئاهەنگیکردنی ئەمنی گفتوگۆیان کردووە، ئێستا ئەرکەکە کەوتووەتە دەستی سەرکردە سەربازییەکانی هەردوولا، ئەوانیش رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە دیالە تاوەکو دەگاتە موسڵ چوار ناوەندی پێکەوەکارکردنی هاوبەش دابمەزرێنن، کە تێیاندا هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق پێکەوە کار دەکەن بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە لە هەڕەشەی داعش.

هاوکات گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی باسی لەوە کرد کە لەم کاتەدا داعش جموجوڵەکانی لەو ناوچانە زیادکردووە کە خەڵکی ئاسایی لێی ناژیت، چونکە بە گوتەی ئەو، خەڵک لە گوند و شارەکانی عێراق پێشوازی لە چەکدارەکانی داعش ناکەن.

مایڵ کاگینز ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە عێراق ماون، لە بیابانی ئەنبار، چیاکانی قەرەچووخ و حەمرین و دۆڵی شای خۆیان حەشارداوە، روونیشیکردەوە کە داعش تەنیا لەو چەکدارانە پێکنەهاتووە کە هاوپەیمانی لە لایەنی سەربازییەوە رووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵکو ئەو گرووپە چەکدارە چەندین بەرپرسی دارایی و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی هەیە کە بەشێکیان لە هەرێمی کوردستان و بەغدا دەژین.

نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر، شاری موسڵ لەدەستی داعش ئازادکرا، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێوەدوڵەتیی دژی داعش دەڵێت "هەموو هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەو سەرکەوتنە سەربازییەدا بەشداربوون: پێشمەرگە، سوپای عێراق، دژە تیرۆر و حەشدی شەعبی، ئەوەش بە هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. ئێستاش بە هەمان شێوە پێکەوە کارکردنێکی لەو شێوەیە گرنگ و پێویستە بۆ لەنێوبردنی چەکدارە بەجێماوەکانی داعش کە خۆیان لە قەرەچووخ، حەمرین و دەشتی نەینەوا حەشارداوە".

بە گوتەی کاگینز، ناوەندێکی راوێژکاری و هاوئاهەنگی گەورەیان لە بەغدا دروستکردووە و لەڕێگەی پلاندانان، پشتیوانیی ئاسمانی و هاوبەشیپێکردنی زانیاریی هەواڵگری یارمەتیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەدەن.

بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا، ناوەندێکی راوێژکاری و هاوئاهەنگیی هاوشێوە لە هەرێمی کوردستانیش بکەنەوە، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێوەدوڵەتیی دژی داعش دەڵێت، بە شێوەیەکی راستەوخۆی بە ناوەندی هاوئاهەنگیی بەغداوە دەبەسترێتەوە بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە.










رووداو
Top