توێژەرێكی سلێمانی هۆكاری هەڵاتنی گەنجان لە ڕیزەكانی پەكەكە ئاشكرا دەكات
ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا وردەكاریی هەڵاتنی دالیا مەحموود موسلیمی لە ڕیزەكانی پەكەكە و خۆڕادەستكردنەوەی بە توركیا ئاشكرا كرد و پرسیاری ئەوەی لە پەكەكە كرد كە ئاخۆ بۆچی خەڵك وازیان لێدێنن و ئامادەن بۆ خۆڕادەستكردنەوە لە دەستیان، بە ڕێگەی قاچاخ ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە.
لەمبارەیەوە سۆران سێوكانی، توێژەری سیاسی لە سلێمانییەوە ڕايگەیاند: "پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئافرەت دەكات، ناوی ناوە ئازادكردن، بەڵام ئەوە ئازادیی ئافرەت نییە“.
ڕوونیشی كردەوە: ”ئەو كچانە لە تەمەنێكی زۆر بچووكدا (منداڵ و مێرمنداڵ) لە خشتە دەبرێن لەلایەن رێكخستنەكانی پەكەكەوە لە شارەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان، دواتر كە لە تەمەنێكی منداڵدا بۆ كاری سەربازی بەكاریان دەهێنن، ئەوەش هەر سەرپێچیی هەموو بڕگەكانی مافی مرۆڤ و منداڵ و ژنە، ئینجا كە دەبرێن و میشكیان دەشۆردرێتەوە، وایان لێ دەكرێت كە تەنیا لەپێناو ئاپۆدا خۆیان بەكوشت بدەن، دیسان غەدرێكی تر. هەروەها لەنێو پەكەكەدا هەموو پەیوەندییەكی مرۆیی وەك خۆشەویستی و هاوسەرگیری قەدەغەیە، ئەمەش هەر ستەمێكیترە، هەم لە كوڕەكان و هەم لە كچەكان دەكرێت لە مومارەسەر پەیوەندییە مرۆییەكانیان، جیا لەوەی رێگریكردنە لە زۆربوونی نەسلی كورد، چونكە هەزاران كچ و كوڕ بێ هاوسەرگیری و دروستكردنی خێزان دەمێننەوە“.
جەختیشی كردەوە كە سرووشتی ئافرەت بە جۆرێکە ئەو ژینگەیە قەبووڵ ناکەن كە پەكەكە دروستی كردووە، بۆیە ئەو ئافرەتانەی چوونەتە ناو (پەکەکە)، دوای ئەوەی ڕەوشەکە بەچاوی خۆیان دەبینن و دەزانن چۆن ئافرەت بە ناوی ئازادییەوە دەچەوسێنرێتەوە، ھەڵدێن و ڕیزەکانی ئەو گرووپە بەجێ دەھێڵن.
سێوكانی نەیشاردەوە كە پەكەكە كچێكی برازای ئەویان لە تەمەنی ١٢ ساڵی ڕفاندووە، بەڵام ”درەنگانی شەو لە قەندیلەوە بە پێ تاوەکوو ڕانیە رای كردبوو، چونکە ئەو کچە ژیانێكی لەم شێوەیەی قەبووڵ نەبووە و ئەو ئافرەتانەشی لە نێو پەکەکە كار دەكەن، زوڵمیان لێ دەکرێت، بۆیە ئەوان بە ناچاری واز لە ڕیزەکانی پەکەکە دەھێنن، ئەگەر کچ و کوڕێک پەیوەندیی سۆزدارییان ھەبێت، یەکسەر کچ و کوڕەکە دەکوژن، دواجار ژن بۆ ئەوە دروست نەکراوە بە خۆڕایی بە کوشتی بدەیت و تەرمەکەشی ڕادەستی کەس و کارەکەی نەکەیتەوە“.
باسنيوز
