وەزیری دەرەوەی ئێران: ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ عێراق دەگاتە 20 ملیار دۆلار

وەزیری دەرەوەی ئێران: ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لەگەڵ عێراق دەگاتە 20 ملیار دۆلار
وەزیری دەرەوەی ئێران لەدوای کوشتنی قاسم سولەیمانی یەکەمین سەردانی بۆ بەغدا کرد، دوای کۆبوونەوەیەکی نیو کاژێریش وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە مەرجی دەستێوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی عێراق کردەوە.

د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند "لەلایەن خۆمانەوە دووپاتمان کردەوە کە ئێمە پەیوەندییەکی ھاوسەنگمان دەوێت لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ، بە مەرجی بەرژەوەندیی عێراق و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بەبێ دەستێوەردان لە کاری نێوخۆیی".

ئێران عێراق بە قوڵایی ستراتیژی خۆی دەزانێت، جگە لە چاوەڕوانییە سیاسی و سەربازییەکانی تاران لە بەغدا کە لە ژوورە داخراوەکاندا بڕیاریان لێ دەدرێت، کەڵک وەرگرتن لە بازاڕەکانی عێراق بۆ رزگاری لەو قەیرانی ئابوورییەی تێیکەوتووە، چاوەڕوانییەکی لەپێشینەی ئێرانە لە عێراق؛ بەشێوەیەک کە تەنیا ساڵی پار ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان گەیاندووەتە 15 ملیار دۆلار.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند "ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشی ئابووریمان لەگەڵ عێراق هەیە، هەم لە بواری وزە و هەمیش لە بواری ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان. سەرەڕای کۆرۆناش ئێمە درێژە بەم پەیوەندییانە دەدەین و پشت بە خودا ئەم پەیوەندییانە بەو ئاستە دەگات کە سەرۆکی دوو وڵات و حکومەت لە سەردانی بەڕێز دکتۆر رووحانی رێککەوتنیان لەسەری کرد، واتە دەگاتە 20 ملیار دۆلار".

گەورەترین بازاڕ بۆ ساخکردنەوەی کاڵا ئێرانییەکان بازاڕەکانی عێراقە، جگە لەوەش ئەو کارەبایەی لەئێرانەوە بۆ عێراق دابین دەکرێت، بەھاکەی ملیۆنان دۆلارە، تەنیا پارەی کارەبای ساڵی 2019 لانیکەم 12 ملیار دۆلار بووە، ئەمریکا ئەمەی پێ قبووڵ نییە و دەیەوێت ھەرچۆنێک بێت لەمەودوا کارەبا لە وڵاتانی کەنداو بۆ عێراق دابین بکات، ئەمەش جارێکی دیکە وەزیری دەرەوەی ئێرانی پەلکێشی عێراق کردووە تاوەکو وەکو دۆست و ھاوکاریان بمێنێتەوە.

لەدوای ساڵی 2003وە، ناکۆکی لەسەر خاک، جیاوازی قوڵی ئایینی و سیاسی و پێکدادانی سەربازیی ئێران و عێراق بۆ پەیوەندییەکی بەهێز گۆڕدرا کە تێیدا بە ئاشکرا ئێران لە زۆربەی جومگەکانی عێراقدا بڕیاربەدەست و دەستڕۆیشتووە؛ پرسێک کە زۆربەی خەڵکی عێراق پێی نیگەرانن.

دووکاندارێک بەناوی جاسم عەبدزەھرە دەڵێت "ئێران وڵاتی دراوسێمانە، دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەڵیان ھەبێت، بەڵام ئەوان بە کاری خۆیان و ئێمەش بە کاری خۆمان، ئەوان وڵات و سەروەریی خۆیان ھەیە بەبێ دەستتێوەردان لە عێراق".

سەردانەکەی زەریف لەکاتێکدایە کە لە چەند رۆژی رابردوودا، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوو دەروازەی هاوسنوور لەگەڵ ئێرانی لە کۆنترۆڵی گرووپەکانی نزیک لە تاران دەرهێنا، بەڵام لە هەمانکاتدا بڕیارە کازمی دوای سەردانی سعودیە، سەردانی ئێران بکات و ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەو دوو لایەنە ناکۆکە، بۆ واشنتن ببات.











رووداو
Top