مافەکانی مرۆڤ: هەرێمی کوردستان ناهێڵێت ئاوارەی پێنج گوند بگەڕێنەوە زێدی خۆیان
بەگوێرەی راپۆرتەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناهێڵێت نزیکەی 1200 خێزانی ئاوارەی عەرەب بگەڕێنەوە زێدی خۆیان کە لە 5 گوند لە سنووری رەبیعە ئاوارەبوون، بەڵام رێگەی بە هاونیشتیمانیانی کورد داوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
بەڵقیس وەیلی، توێژەری باڵا لەبواری قەیران و پێکدادان لە رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لەو بارەیەوە رایگەیاندووە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ هیچ هۆکارێکی یاسایی رێگەنادات هەزاران گوندنشینی عەرەب بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
ئەو بەرپرسەی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بە گەڕانەوەی گوندنشینانی کورد لە سنووری دهۆک داوە و دەڵێت "لە راستیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگەی بە گوندشنینانی کورد داوە بگەڕێنەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت عەرەبەکان وەکو سزایەک هێڵدراونەتەوە".
رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتەکەیدا پشتی بە چاوپێکەوتنی پێنج کەس لە گوندەکانی جەدریە، مەحموودیە، قاهیرە، سویدیە و سوفیە لە نۆڤەمبەری 2019ـەوە تاوەکو حوزەیرانی 2020 بەستووە. ئەو گوندانە لە 3ـی ئابی 2014 لەلایەن داعش کۆنترۆڵکراون، بەڵام دوای چەند رۆژێک کۆنترۆڵیان کردوونەتەوە. ئەو پێنج کەسە ئاماژەیان بەوە کردووە، "پێشمەرگە بەردەوام بووە لە کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکان و رێگەی لە گەڕانەوەی ئەوان گرتووە". بەپێی خەمڵاندنەکانیان، 1200 خێزان لەو پێنج گوندە رێگەی گەڕانەوەیان لێگیراوە.
بەشێک لە دانیشتووانی ئەو گوندانە ئاماژەیان بەوە کردووە، لە تشرینی یەکەمی 2017ـەوە خاڵی پشکنینی پێشمەرگە رێگەی پێنەداون بگەڕێنەوە ناوچەکانیان. ئەو خاڵی پشکنینانەش لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا داخراون.
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 16ی تەممووزدا وەڵامی نامەیەکی رێکخراوەکەی لەبارەی دانیشتووانی ئەو پێنج گوندە داوەتەوە و گوتویەتی، بەشی زۆری ئەو گوندانە بەهۆی شەڕی داعش لە 2016 و 2017 وێرانبوون، "بەڵام گوندنشینەکان دەڵێن، ناوچەکە لە 2014ـەوە لەدەست داعش دەرهێندراوە".
دیندار زێباری گوتوویەتی، سەرۆکهۆزەکان دەڵێن بەهۆی بوونی شانە نووستووەکان و شانە نووستووەکانی داعش، هێرشی ئاسمانیی تورکیا، بوونی پەکەکە و رێکارەکانی تایبەت بە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ناتوانن بگەڕێنەوە.
ئەو کەسانەی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردوون رایانگەیاندووە، "بەپەرۆشەوەن بۆئەوەی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان". دیندار زێباری دەڵێت، پێشنیازی بەردەوام لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە بۆ باشترکردنی میکانیزمە ئەمنییە هاوبەشەکان لە ناوچەکە و ئاسانکاری گەڕانەوە ئەو ئاوارانە.
رووداو
