ئاوی بەنداوێک بۆ دۆزینەوەی تەرمی کچە کوردێکی ئامەد بەتاڵ دەکرێت

ئاوی بەنداوێک بۆ دۆزینەوەی تەرمی کچە کوردێکی ئامەد بەتاڵ دەکرێت
لە دێرسیمی باکووری کوردستان هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی گوڵستان دۆکو بەردەوامن، کە لە رۆژی 5ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە بیسەروشوێنە.

گوڵستان دۆکو کچە کوردێکی خەڵکی شاری ئامەدە و خوێندکاری زانکۆی مونزور بوو لە شاری دێرسیم. گەڕانی تیمەکان لە ئاوی بەنداوی ئوزونچایر بەدوای تەرمی ئەو کچە کوردە لە رۆژی 6ی تەممووزەوە بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا راگیرابوو.

خێزانی گوڵستان سەردانی سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیایان کرد و دوای دیدارەکەیان ئایگول دۆکوی خوشکی ئاشکرای کرد، بۆ دۆزینەوەی تەرمی گولستان، ئاوی بەنداوی ئوزونچایر بەتاڵ دەکرێت کە نزیکە لە پردی دینار؛ رۆژی دووشەممە 20ی تەممووز ئاوی بەنداوەکە بەتاڵ دەکرێت و پرۆسەکەش ماوەی 15 رۆژ بەردەوام دەبێت.

ئایگول دۆکو دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ وەزیری ناوخۆ کۆبوونەوە و "بە بەڕێز وەزیرمان گوت کە گومانمان هەیە گوڵستان کوژرابێت، وەزیر گوتی لەسەر ئەو ئەگەرە راوەستاوین و هەڵسەنگاندنمان بۆی کردووە".

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە داوە، زەینەل ئاباراکۆڤ کە گومانلێکراوە بە کوشتنی گوڵستان دۆکو، لە دەرەوەی وڵات هێنراوەتەوە و تاوەکو یەکلاییبوونەوەی کەیسەکە قەدەخەی ئەنجامدانی گەشتی لەسەر دانراوە.

گوڵستان دۆکوی تەمەن 21 ساڵ کە خوێندکاری قۆناخی دووەمی کۆلێژی گەشەسەندنی منداڵ بوو لە زانکۆی مونزور، بەیانیی رۆژی یەکشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2020 دوای ئەوەی لە بەشی ناوخۆیی زانکۆ دەچێتە دەرەوە، هیچ هەواڵێكی لەبارەوە نابیسترێت.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی چوار خولەکی، لە کاژێر 04:26 خوولەکی ئێوارەی ئەو رۆژە تەلەفۆنەکەی داخراوە. پۆلیسی دێرسیم دەڵێت، بەر لە ونبوونی بە یەک رۆژ، گولستان لەگەڵ هاوڕێ کوڕەکەی بەناوی زەینەل ئاباراکۆڤ کە هاووڵاتی رووسیایە و باوکی لە دێرسیم پۆلیسە، بووە بە دەمەقاڵێیان و گومان دەکرێت لەلایەن ئەو کوڕەوە کوژرابێت.











رووداو
Top