پەرلەمانتارێكی هەدەپە دەستی لەكار كێشایەوە

پەرلەمانتارێكی هەدەپە دەستی لەكار كێشایەوە
ئەندام پەرلەمانێكی پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) بەهۆی ئەوەی تۆمەتی دەستدرێژیكردن بۆ سەر ئافرەتی دراوەتە پاڵ، بۆیە بۆ خۆی دەستی لەكاری پەرلەمانتاری كێشایەوە و ئیتر وەكوو ئەندام پەرلەمانی هەدەپە نەماوە.

توما چەلیك، تاكە ئەندام پەرلەمانی سریانی سەر بە هەدەپە لەسەر بازنەی مێردین، بەهۆی ئەوەی لە ٢٠١٨ بەرلەوەی ببێتە ئەندام پەرلەمان لە كۆبوونەوەیەكدا دەستدرێژیی كردووەتە سەر ئافرەتێك و ئێستا دۆسیەكەی لەسەر ئاشكرا بووە، بۆیە وەك ئەندام پەرلەمانی هەدەپە نەما و هەدەپەش داواكەی قبووڵە.

توما چەلیک، لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئەو تۆمەتانەی رەت كردەوە كە دراوەتە پاڵی و دەڵێت: "لەوەتەی بوومەتە ئەندام پەرلەمان، جگە لەوەی بۆ مافی سریانییەكان سڵم لە هیچ نەكردووەتەوە، لە هەمانكاتدا دەستم بۆ چەندین دۆسیە بردووە كە پەیوەندی بە گەندەڵییەوە هەیە، بۆیە بەهۆی ئەو كارانەم لە پەرلەمان، دۆسیەی ئافرەتم دەخەنە پاڵ".

باسی لەوەش كرد، بۆ ئەوەی پارتەكەی زیانی بەر نەكەوێت، وەكوو ئەندام پەرلەمان هەدەپە دەستی لەكار كێشاوەتەوە.

كۆمیسیۆنی ئافرەتانی سەر بە هەدەپە لەناو پەرلەمانی توركیا، پێیان باشە توما لە هەدەپە نەماوە و دەڵێن ئێمە دژی هەموو كەسێكین كە دەستدرێژی بكاتە سەر ئافرەت، یان توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت بەكار بهێنێت، جا با ئەو كەسە سەر بە هەدەپەش بێت.

دۆسیەی توما لەناو پەرلەمانی توركیاش دەنگی داوەتەوە، بۆیە رۆژی چوارشەممە ٢٢_٧_٢٠٢٠ لیژنەی یاسایی پەرلەمان دادەنیشێت و لەبارەی لێسەندنەوەی ئەندام پەرلەمانی بڕیاری كۆتایی دەدەن، چونكە داواكاری گشتیی توركیا هەموو بەڵگەكانی داوەتە ئەو لیژنەیە و داوا لە پەرلەمان دەكات توما وەكوو ئەندام پەرلەمان دوور بخرێتەوە.

بە دەست لەكاركێشانەوەی توما چەلیك، ژمارەی كورسییەكانی هەدەپە لەناو پەرلەمانی توركیا بۆ ٥٧ كورسی دابەزیوە.













باسنيوز



Top