لە سۆران 20 كەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون
قایمقامی قەزای سۆران ڕای گەیاند لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە قەزای سۆران لە ئەنجامی 102 پشكنین، دەرکەوتووە 20 كەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و پێویستە هاووڵاتیان خۆپارێزی بكەن، چونكە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەم ڤایرۆسە زیاتر بڵاو دەبێتەوە.
كرمانج عزەت، قایمقامی ڕاگەیاند: "بەداخەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سنووری قەزای سۆران، لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە كۆی 102 پشكنین، دەرکەوتووە 20 كەسی دیکە لە قەزای سۆران و ناحیەی خەلیفان، تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون".
قایمقامی سۆران گوتیشی: "تەنها یەكێک لە تووشبوان خەڵكی بەستۆرەیە و لە سۆران پشكنینی ئەنجام داوە لە ئەنجام دا ئەویش هەڵگری ئەم ڤایرۆسەیە و ئەوانی دیکە هەموویان خەڵکی سۆران و خەلیفانن".
کرمانج عزەت ڕاشی گەیاند: "هەندێكیان نەخۆشییەكە كاریگەرە بەسەریانەوە و ١٤ کەس لە تووشبووەكان دانیشتووی گەڕەكەكانی "جوندیان، دیانای كۆن، باران، زۆزك و شەهیدانی ئازادی"ن و پێنج تووشبووش خەڵکی ناحیەی خەلیفانن و یەکیشیان خەڵکی بەستۆرەیە".
ڕوونیشی كردەوە: "ئێستا ئەم ڤایرۆسە لە هەموو كوچە و كۆڵانێك بەربڵاو بووە و پێویستە خۆمان بپارێزین بۆ ئەوەی پارێزراو بین، ئەوە شەڕی هۆشیاریی تاكە كە مرۆڤ دەبێت بیكات لەپێناو سەلامەتی خۆی و دەوربەری".
باسنیوز
