ئەمڕۆ هەردوو لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان و پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبنەوە

ئەمڕۆ هەردوو لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان و پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبنەوە


ئەمڕۆ یەکشەممە 19-7-2020 هەردوو لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ كۆ دەبنەوە و تاوتوێی ئەو خاڵانە دەکەن كە پێویستە لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان باسیان لێوە بكرێت.

لەمبارەوە جوان یوونس ڕۆژبەیانی سەرۆكی لێژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی وەک لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان داوای دانیشتنێكی پەرلەمانمان كرد لەسەر دۆخی نالەباری ئەو ناوچانەی كە تیرۆرستانی داعش هێرشیان دەكەنە سەر و هاوکات بەردەوام دەغڵودانی جووتیاران دەسووتێنن، دوای لیژنەكەی ئێمەش لیژنەی پێشمەرگەش بە هەمان شێوە هەمان پێشنیاری كرد".

سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی هەردوو لیژنەكە جوان ڕۆژبەیانی گوتیشی: "یەكێك لە تەوەرەكان باس لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە دەکرێت، بۆیە پێمان باش بوو هەردوو لیژنە ڕاپۆرتی خۆیان بۆ دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بخەنە بەردەست سەرۆكایەتیی پەرلەمان".

سەرۆكی لێژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند: "وەرزی بەهارە مانگێك درێژ كرایەوە و لەم مانگەی کە درێژ كرایەوە، تەنانەت یەك دانیشتنیش نەكراوە و بانگهێشتی ئەندامان نەكراوە و تەنها۱٠ ڕۆژمان لەبەردەست ماوە كە ئایا ئەم دانیشتنە دەكرێت یاخود نا".




باسنیوز
Top