ڤایرۆسی کۆرۆنا لە باکووری کوردستان تەشەنەی سەندووە
پزیشکانی ئامەد شارەکەیان بە وهانی چین ناودەبەن، حکومەت رێگە نادات رۆژانە ئاماری شارەکان بە جیا بڵاوبکرێنەوە، ئەوەش وایکردووە ژمارەی دروستی تووشبووان و مردووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەزانرێت.
بە گوێرەی راگەیاندنی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا لە ئامەد تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. لە نەخۆشخانەکانی غازی یاشارگول 200 تووشبوو، سەلاحەدینی ئەیوبی 71 تووشبوو، نەخۆشخانەی منداڵان و نەخۆشخانەی بیسمیل 19 تووشبوو چارەسەر وەردەگرن.
خالس یەرلیکایا، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا راگەیاند، "هەندێک کەس هەن کە پشکنینەکەیان نەرێنییە، بەڵام نیشانەیان هەیە. ئەوانەش ئەژمار ناکەین، کەچی هێشتا زۆربەی رێژەی تووشبوون لە ئامەدە. ئامەد بووەتە ووهانی باکووری کوردستان و تورکیا".
تا 1ی پووشپەڕ کە رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاسایی کرانەوە ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا 600 کەس بوو، بەڵام دوای ئاسانکارییەکان ژمارەکە گەیشتە سێ هەزار کەس.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی تورکیا ئامەد لەنێو ئەو پێنج شارەدایە زۆرترین تووشبووی کۆرۆنای تێدایە.
لە 11ی ئازارەوە تاوەکو ئاسانکاری لە رێکارەکانی خۆپارێزیدا ژمارەی کەرەنتینکراوان لە ئامەد 24 هەزار کەس بوو. ئێستا بە گوێرەی ژووری پزیشکانی ئامەد ئەو ژمارەیە لە مانگێکدا دوو هێندە زیاد بووە و ئێستا گەیشتووەتە 50 هەزار کەس.
رووداو
