لە دهۆک کچێکی شەش ساڵان دوای نەشتەرگەرییەکی هەڵە گیان لەدەستدەدات

لە دهۆک کچێکی شەش ساڵان دوای نەشتەرگەرییەکی هەڵە گیان لەدەستدەدات
لە دهۆک کچێکی شەش ساڵان لەجیاتی ئەوەی نەشتەرگەری بۆ قاچی چەپی بکرێت، بە هەڵە نەشتەرگەری بۆ قاچی راستی کراوە و دوای شەش کاژێر گیانی لەدەستداوە.

حاجی دینۆ، باوکی رەحمای شەش ساڵانە و راگەیاند، "دوای نەشتەرگەرییەکە سەیرمان کرد قاچی راستی نەشتەرگەری کراوە، نەک چەپی. کە پزیشکەکە هات گوتم: دکتۆر، ئەوە چیت کردووە؟ گوتی لە ژووری نەشتەرگەری سەیرم کرد قاچی راستی زیاتر پێویستی بە نەشتەرگەرییە تاوەکو چەپی. لەبەر ئەوە وامکردووە. منیش گوتم کە دوای پشکنین و رێککەوتن بڕیاربوو قاچی چەپی نەشتەرگەری بکرێت".

نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی دهۆک کراوە و کاژێرێکی خایاندووە. دوای شەش کاژێر لە نەشتەرگەرییەکە نەخۆشەکە رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە.

فەلاح عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری کارگێڕیی ئەو نەخۆشخانەیەیە کە نەشتەرگەرییەکەی تێدا کراوە گوتی ، "دوای ئەوەی پزیشکەکە لە نەشتەرگەرییەکە تەواو بوو، ئێمە نەخۆشەکەمان بینی و رێنماییمان دایە ماڵەوەیان و بە تەندروستییەکی باشەوە رەوانەی ماڵەوەمان کردەوە".

دوای رووداوەکە لیژنەیەکی بەدواداچوون لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دهۆکەوە بۆ زانینی هۆکاری گیانلەدەستدانی رەحما پێکهێنراوە و تاوەکو ئێستا لە لێکۆڵینەوە بەردەوامن.

د. نزار بەکر، سەرپەرشتیاری لیژنەی لێکۆڵینەوەیە و دەڵێت، "هێشتا زووە کە بڕیار لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی رەحما بدەین. دەتوانین بڵێین کە ترشەڵۆک لەنێو خوێنیدا زۆر زیادبووە و کاری لەسەر دڵی کردووە، هەناسەی تەنگ بووە و تای گرتووە. بەڵام کەی ئەوەی بەسەردا هاتووە و بووەتە هۆکاری مردنی، هێشتا کاتی پێویستە".

رەحما لە خێزانێکی حەوت کەسی بوو کە نیشتەجێی شارۆچکەی سێمێلن. رەحما حاجی لە زگماکەوە مێشک و قاچی هەندێک گەشەیان لاواز بووە، بۆ راستکردنەوەی قاچی پشکنین کراوە، وێنەی تیشکیی بۆ گیراوە و پزیشک بڕیاریداوە قاچی چەپی نەشتەرگەری بۆ بکرێت.








رووداو
Top