پارێزگاری سلێمانی: جەژنی قوربان قەدەخەی تەواوی هاتووچۆ راناگەیێندرێت
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لەسەر ئەو رێکارانەی ئەم دواییە کە لە 20-06ـەوە جێبەجێکراون ئەنجامی زۆر باشی هەبووە و بەرەو ئەوە دەچین کە بەرگرییەکی گشتیی لە سلێمانی دروستبێت. دەشڵێت: دەبێت بەردەوام بین لە خۆپارێزی و نابێت قەرەباڵخی زۆر دروستبکەین.
سەبارەت بە قەدەخەی هاتووچۆ لە رۆژانی جەژنی قوربان، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، "پیرۆزبایی لە خەڵکی سلێمانی دەکەین و تکایان لێدەکەم بۆ ئەوەی خۆشەویستەکانمان نەکەینە قوربانی، دەبێت بەردەوام بین لە خۆپارێزی و نابێت لە ماڵ و گەڕەکەکان کۆبوونەوە و قەرەباڵخی دروستبکەین. بەڵام بەهیچ شێوەیەک قەدەخەی تەواوی هاتووچۆ راناگەیێندرێت و تەنیا داوای پابەندی و خۆپارێزی لە هاووڵاتیان دەکەین".
لەبارەی کردنەوەی مزگەوت و شوێنە ئایینییەکانی دیکە، پارێزگاری سلێمانی گوتی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی و یەکێتی زانایان قسە دەکەن و لیژنەیەک بۆ ئەم مەبەستە پێکدەهێندرێت و دەشڵێت " ئەو شوێنانەی شوێنی گشتیی بن و جارێ ناکرێنەوە".
تاوەکو دێت ژمارەی تووشبووان و مردووان بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەرزدەبێتەوە، تاوەکو ئەمڕۆ شەممە 18-07-2020، لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 10 هەزار و 453 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش پێنج هەزار و 687 کەس چاکبوونەتەوە و 391 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
پارێزگای سلێمانی زیاتر لە حەوت هەزار و 100 تووشبووی کۆرۆنای هەیە و لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 396 کەس چاکبوونەتەوە و 319 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیش بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە کە هاووڵاتیان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و دەمامک و دەستکێش بەکاربهێنن و قەرەباڵخی دروست نەکەن.
رووداو
