بڕیاری نوێی پارێزگاری هەولێر لەبارەی قەدەخەی هاتووچۆ
رۆژی شەممە 18-07-2020، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بەسەرپەرشتی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر کۆبووەوە و لە راگەیێندراوێکی دوو خاڵیدا دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
یەکەم: له كاژێر 12:00ی ئهمشهو 18 لهسهر 19ی 07-2020 ، تاوهكو رۆژی سێشەممە 21-07-2020 رێكارهكان و بڕیارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بههەمان شێوهی هەفتەی رابردوو بەردەوام دهبێت.
دووەم: رۆژی سێشەممە 21-07-2020 لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم پارێزگار و سەرپەرشتیاری یەکە ئیدارییە سەربەخۆکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆدەبێتەوە و تێیدا رێکاری تایبەت و بڕیاری سەرتاسەری بۆ تەواوی پارێزگاکان و یەکە سەربەخۆکان دەدرێت.
هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر و گوتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر لەبارەی رێکارە نوێکان گوتی "رێکارەکان چەند تووندوتۆڵتر بن لەبەرژەوەندیی خەڵکن، ئەو رێکارانەش کە هەن خۆپارێزین و قەدەخەی هاتووچۆ راناگەیێنن".
بە گوتەی هێمن قادر، ئەو رێکارانەی کە رادەگەیێندرێن "گۆرانکارییەکی ئەوتۆیان نابێت" لەگەڵ رێکارەکانی ئێستا، بەڵکو زیاتر جەخت لەوە دەکرێتەوە لیژنەکانی قایمقاییەت و چاودێریی بازاڕ رێنمایی زیاتری هاونیشتمانیان بکەن و لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو خاوەن کارانە بکەن کە پابەندنابن.
هەر ئەمڕۆ شەممە 18-07-2020، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی قەدەخەی هاتووچۆ لە رۆژانی جەژندا رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک لە رۆژانی جەژندا قەدەخەی هاتووچۆ راناگەیێندرێت، بەڵام داوای لە خەڵک کرد کە پابەندی رێنماییەکان بن و لە شوێنە گشتییەکان قەرەباڵخی دروست نەکەن.
رۆژی 11-07-2020، بە بڕیاری پارێزگاری هەولێر، له سنووری سهنتهری شار و سهرجهم قهزاكانی دیكهی سنووری پارێزگای ههولێر، له كاژێر 12ی شهو تاوهكو 05:00 بهیانی، سهرجهم بازاڕ و دووكانەکان داخران، جگه له دهرمانخانهكان. هەروەها هاتووچۆی لەنێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراق بهداخراوی مانەوە. ئەم بڕیارانە وەکخۆی بەردەوام دەبێت، تاوەکو رۆژی 21-07-2020.
رووداو
