تورکیا و پەکەکە ئاماری شەڕی 24 کاژێری رابردوو بڵاودەکەنەوە
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لە سێ کاتی جیاوازدا لە رۆژی 17ی تەممووز، سێ سەربازی سوپای تورکیا لە ناوچەی شەش دارا لە سنووری حەفتانین کراونەتە ئامانج کوژراون.
هەر بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، هەمان رۆژ دوو چالاکیی دیکە لە دژی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەی حەفتانین کراون. لە چالاکییەکدا سەنگەرێکی هێزەکانی سوپای تورکیا کراوەتە ئامانج و دوو سەرباز کوژراون.
هەپەگە ئاماژە بەوە دەدات، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا هەردوو ناوچەی زاپ و ئاڤاشینیان لە باشووری کوردستان بۆردوومان کردووە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکی رۆژی 17ی تەممووزدا کوژرانی دوو گەریلای پەکەکەی لە هەردوو ناوچەی زاپ و ئاڤاشین بڵاوکردەوە.
هەردوو لایەن ئاماری جیاواز لەبارەی کوژرانی سەرباز و گەریلاوە بڵاودەکەنەوە. وەزارەتی بەرگریی تورکیا تاوەکو ئێستا کوژرانی 69 گەریلای راگەیاندووە، هێزەکانی پاراستنی گەلیش کوژرانی 126 سەربازی سوپای تورکیای بڵاوکردووەتەوە.
رۆژی 15ی مانگی رابردوو وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان راگەیاند، دواتریش ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی بە ناوی "چڕنووکی پڵنگ" لە ناوچەی حەفتانین دەستپێکرد. وەزارەتی پێشمەرگە پێشتر رایگەیاند سوپای تورکیا بەقووڵایی 15 کیلۆمەتر زیاتر خاکی هەرێمی کوردستانی بەزاندووە. هەروەها لە چیاکانی سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 18 بنکەی سەربازیی تورکیا دانراون.
هاکان کاراچای، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر رۆژی 15ی ئەم مانگە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی بە بۆنەی ساڵیادی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016ی تورکیا سازکرد، گوتی، "هەڕەشەی تیرۆرمان لەسەرە. کێشەی ئێمە لەگەڵ برایانی کورد نییە، کێشەی ئێمە پەکەکەیە، بۆیە تاوەکو ئەو هەڕەشەیەمان لەسەر بێت، ئۆپەراسیۆنەکەشمان بەردەوام دەبێت کە پێموایە تاوەکو کۆتاییهێنان بە پەکەکە بەردەوام دەبین".
رووداو
