كەركووك.. عەرەبە هاوردەكان لە ڕێگەی پارێزەرەوە هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی زەویی كوردان دەدەن
ئەمڕۆ شەممە 18/7/2020، محەمەد ئەكرەم، كە هاووڵاتییەكی خەڵكی گوندی (بیبانی)ی سەر بە ناحیەی (پردێ)یە ڕايگەیاند: "عەرەبە هاوردەكان، پارێزەریان گرتووە و دەیانەوێت زەوی و زاری گوندی "بیبانی" داگیر بكەن و ئەوان پشتیان بەوە بەستووە گوایە كە گرێبەستیان هەبووە و كاتی بەعس هێنراون بۆ ناوچەكە و زەوییان بە گرێبەست پێدراوە، ئێستا دەیانەوێت گرێبەستەكانیان نوێ بكەنەوە".
گوتیشی: "بۆیە داوا دەكەین هەرچی زووە لەلایەنە پەیوەندیدارەكان لەم بابەتەدا هەڵوێستیان هەبێت و جارێكیتر رێگە نەدرێت عەرەبە هاوردەكان بگەڕێنەوە سەر زەوی و ماڵ و موڵكی كوردان".
بەپێی زانیارییەكان ژمارەیەك لە عەرەبە هاوردەكانی كاتی سەدام كە هێنرابوون بۆ ئەو گوندە ئێستا پارێزەریان گرتووە و دەیانەوێت لەڕێگای یاساوە بۆ ئەم قۆناغە کەرت (موقاتعە)ی 27 و 28ی زەوی گوندی بیبانی وەربگرنەوە و ئینجا پەل بهاوێژن بۆ پارچە زەوییەكانی دیكە و گوندەكانی دیكەی كوردان داگیر بکەن.
باسنيوز
