ئیلام.. تەقینەوەی مین چوار کەسی کردە قوربانی

ئیلام.. تەقینەوەی مین چوار کەسی کردە قوربانی
دوێنێ هەینی لە شاری مێهرانی سەر بە پارێزگای ئیلام بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماوی دەورانی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق، چوار هاووڵاتیی کورد کوژران و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئێوارەی دوێنێ هەینی 2020.7.17 بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنوورەکانی شاری مێهران لە شوێنک بە ناوی "هلت" سێ کەس گیانیان لەدەست داوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە کە گەیەندراوەتە ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە.

ناسنامەی ئەو چوار کەسە کە سەرجەمیان خەڵکی شاری "مەلەکشاهی"ی ئیلام بوون، "سەلیم تاراس، چراغ عەبدی و هادی ئومیدی" ڕاگەیەندراوە کە هەر سێکیان گیانیان لەدەست داوە و کەسێکیش بەناوی "مەهدی ئومیدی" بریندار بووە و هەموویان بە مەبەستی کۆکردنەوەی ئاسنەواڵە چوونەتە ئەو ناوچەیە.

میدیا حکوومەتییەکان ڕایان گەیاندووە کە تەقینەوەکە لە ناو سنووری عێراق ڕووی داوە، بەڵام سەرچاوە خۆجێیەکان ڕایان گەیاندووە کە ئەو شوێنەی کە تەقینەوەکە تێیدا ڕووی داوە نێو خاکی شاری مێهران بووە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) لە سەرەتای بەهارەوە لانیکەم١٠ هاووڵاتیی کورد لە سنوورەکانی پارێزگای ئیلام بەهۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی کە سێ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.













باسنيوز



Top