دەست بە دابەشكردنی شایستە داراییەكانی جووتیاران كرا
بانكی رافیدەینی حكوومی رای گەیاند كە دەستیان بە خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جووتیاران لە سەرجەم لقەكانیان كردووە.
ئەمڕۆ شەممە ١٨ی تەمووزی ٢٠٢٠، نووسینگەی راگەیاندنی بانكی رافیدەینی حكوومیی عێراقی ئاماژەی داوە، بانكەكە فەرمانی بە گشت لقەكانی كردووە، دەست بە خەرجكردنی شایستەكانی جووتیاران بكەن، پاش ئەوەی سەرجەم ڕێوشوێنە یاساییە پێویستەكان بۆ خەرجكردنی ئەو بڕە پارانە تەواو بوون.
جەختیش كراوەتەوە ە بانكەكە بەردەوامە لە جێبەجێكردنی پابەندییەكانی بەرامبەر بە هاووڵاتییان و هەر پرسێكی پەیوەندیدار بە خەرجكردنی پارە و شایستەكانی دیكە، لە پاڵ گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی خۆپاراستن لە پەتای كۆرۆنا.
هەرچەندە بانكەكە هیچ وردەكارییەكی لەبارەی چۆنیەتیی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان رانەگەیاندووە، بەڵام ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رای گەیاندبوو كە پارەی پێویست بۆ پێدانی شایستەی جووتیاران تەرخان كراوە و هەر كەسێك بەرهەمەكەی خستبێتە سایلۆكانی حكوومەتەوە، شایستەی خۆی وەردەگرێت بە جووتیارانی هەرێمی كوردستانیشەوە.
باسنيوز
