لە گەرمیان دەرزییەکی چارەسەری کۆرۆنا بە سێ هەزار دۆلارە
ئەو هاونیشتمانییە تکا لە خەڵک دەکات کە خۆیان لە کۆرۆنا بپارێزن و دەڵێت "خۆتان بپارێزن، من باوک و دایکم تووشبوون 90 وەرەقەم بەس بە دەرزی داوە".
کەمیی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان وایکردووە کە خەڵک بۆ کڕینی دەرمان پەنا بۆ بازاڕ ببەن.
هاونیشتمانییەکی دیکە باس لەوە دەکات کە شەش هەزار دۆلاری بە دەرزی داوە و سوودی نەبووە، بەڵام سوودی نەبووە.
رۆژانە نەخۆشخانەی قەڵا پێویستی بە زیاتر لە پێنج ملیۆن دینارە بۆ کڕینی دەرمان، بەڵام ئێستا تەنیا یەک لەسەر چواری ئەو پارەیەی بۆ خەرجدەکرێت.
ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە گەرمیان زیاتر لە هەزار و 600 کەسی تێپەڕاندووە، تەنیا یەک نەخۆشخانەی 70 قەرەوێڵەیی هەیە کە 10 ئامێری هەناسەدانی دەستکردی هەیە؛ نەخۆشخانەکە 93 تووشبووی تێدایە و نیوەی تووشبووان پێویستیان بە ئۆکسجینە.
ئیدارەی گەرمیان سێ بودجەی بۆ خەرجکراوە: وەزارەتی تەندروستی 500 ملیۆن دینار، پارێزگای سلێمانی 170 ملیۆن و بەغداش 120 ملیۆن دیناریان بۆ ناردوون، لەو پارەیە بڕی 331 ملیۆن دیناری بۆ نەخۆشخانەی قەڵا خەرجکراوە و ئەوی دیکەی بۆ پێداویستییەکانی خۆپارێزی.
سیروان محەممەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان دەڵێت "ئەو پارەیەی بۆمان دابینکراوە کەمە و 90%ی خەرجکراوە بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی خۆپارێزیی کارمەندەکانمان، ئەگەر بودجەکەش زیاد نەکرێت، ئەوا ناچارین بەشێک لە خزمەتگوزارییەکان بوەستێن و ئەوکاتە خەڵکیش ئەمە قبووڵ ناکەن".
بەپێی دوایین ئاماری تەندروستیی گەرمیانی هەزار و 657 تووشبووی کۆرۆنا لە گەرمیان هەن، 345 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و 41 تووشبووشیان گیانیان لەدەستداوە.
رووداو
