لە شرناخ دەستدرێژی دەکرێتە سەر کچێک و تۆمەتبارەکە دەستگیردەکرێت
خەڵکی شرناخ رێپێوانیان کرد و ژمارەیەکی زۆری گەنجان لە ناوەندی شارەکە گردبوونەوە و دروشمی "بێدەنگ مەبە، ئەگەر بێدەنگ بیت نۆرەی تۆش دێت"یان گوتەوە.
رۆژی چوارشەممە 15ی تەممووز دوای ئەوەی سەربازێکی تورک بە ناوی "ئاڵپئارسڵان ئاکبووداک" لە شاری شرناخ دەستدرێژیی سێکسیی کردە سەر کچێکی 13 ساڵان. کاتێك کچەکە هاواردەکات، دراوسێکان فریای دەکەون و لەدەست سەربازەکە رزگاری دەکەن و سکاڵای لەسەر تۆماردەکەن. رۆژی چوارشەممە دەستدرێژیکارەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکرا و دوای وەرگرتنی گوتەکانی لەلایەن داواکاری گشتیی شرناخ، درایە دادگا.
داواکاری گشتیی شرناخ بە تۆمەتی "دەستدرێژیی سێکسی" و "هەڕەشەکردن بە چەک" داوای زیندانیکردنی دەستدرێژیکارەکەی کرد و بە بڕیاری دادگا خرایە زیندانەوە.
سەندیکای پارێزەرانی شرناخ رایگەیاند، لەنزیکەوە بەدواداچوون بۆ کەیسی ئەو کچە منداڵە دەکەین کە لە کاژێر 23:00ی شەوی 14ی تەممووزی 2020 دەستدرێژیی کراوەتەسەر. کەیسەکە ئێستا لە دادگایە و درەنگانی شەو گوتەی قوربانییەکە و شایەتحاڵەکان و دیمەنەکانی کامێرای چاودێری خراونەتە نێو دۆسیەکەوە
لە ماوەیەکی کورتدا بە هەزاران کەس لە سۆشیاڵمیدیادا هاشتاگی کوردیی "رابە شرناخ" و هاشتاگی تورکیی "سوسما شرناخ" بە واتای "بێدەنگ مەبە شرناخ"، لە بەرامبەر ئەو رووداوە هەڵوێستیان نیشاندا.
حوسێن کاچماز، پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی شرناخ لە توویتێکدا نووسیویەتی، "شەوی رابردوو لە یەکەی نیشتەجێبوونی شارانلار منداڵێکی 10 ساڵان لەلایەن سەربازێکەوە دەستدرێژیی کراوەتەسەر. کاتێک منداڵ نووستبێت مرۆڤ بێدەنگ دەبێت، نەک دەستدرێژیی بکرێتەسەر. دەستبەرداری نابین، بێدەنگ نابین".
پارێزگای شرناخ لەبارەی رووداوەکە راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە "دەستنیشانکراوە کە سەربازەکە هەوڵی دەستدرێژیکردنە سەر کچە 13 ساڵانەکەی داوە، بڕێکی زۆر کحولی بەکارهێناوە و سەرخۆش بووە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پارێزگا "رۆژی چوارشەممە 15ی تەممووزی 2020 کاژێر 01:00ی بەرەبەیان لەڕێگەی هێڵی پەیوەندیی 155 ئاگادارکراونەتەوە کە لە گەڕەکی [یەنی ماهاللە] لە ناوەندی شاری شرناخ کەسێک کە هاووڵاتییانی ناڕەحەت کردووە و رەفتاری ناشرینی پیشانداوە، لەلایەن هاووڵاتییانی نیشتەجێی گەڕەکەوە لێیدراوە و تیمەکانی پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون، کەسەکەیان دەستبەسەرکردووە و رێکارە یاساییەکان گیراونەتەبەر".
رووداو
