لە هەولێر دانانی پێوەری زیرەکی کارەبا دەست پێ دەکاتەوە

لە هەولێر دانانی پێوەری زیرەکی کارەبا دەست پێ دەکاتەوە


بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر ئاشکرای دەکات دوای بەستنی 94 هەزار پێوەری زیرەکی کارەبا، جارێکی دیکە پڕۆژەکە دەست پێ دەکاتەوە

حوسێن حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر، لەمبارەوە ڕاگەیاند: "پڕۆژەی دانانی پێوری زیرەک دەست پێ دەکاتەوە، کە چەند مانگێکە وەستابوو، تاکوو ئێستا لە هەولێر 94 هەزار پێوەری زیرەکی کارەبا بەستراوە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "لە هەولێر نزیکەی 600 هەزار هاوبەشی کارەبامان هەیە، ئێستا یەک لەسەر شەشی پێوەرمان داناوە، ئەگەر بەهۆی هاتنی پەتای کۆرۆنا نەبایە، ئێستا زیاتر لە 200 هەزار پێوەرمان بەستبوو، بەڵام هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوه ئەو پڕۆژەیە بەردەوام دەبێت و هیچ هاوبەشێکی کارەبا نامێنێت پێوەری زیرەکەی نەبێت، ‌پێوەرەکەش بێبەرامبەر دەبەسترێت".

حوسێن حەمەد ڕاشی گەیاند: "تیمەکانیان لە هەڵمەتی لابردنی زێدڕۆیی سەر تۆڕەکانی کارەبا بەردەوامن، بەڵام بۆ کەمکردنەوەی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی کارەبا، تەنها پێوەری زیرەک چارەسەرە و گومانمان نییە، پڕۆژەکە سەردەکەوێت، بەڵام کاتی دەوێت تاکوو بەرەنجامەکەی دەبینین".

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر گوتیشی: "ئێستا تێکڕای پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی لە هەولێر 14 کاتژمێرە، بەرهەمی کارەبای هەولێریش هەزار مێگاواتە، بەشێکی کارەباش بەهۆی زێدڕۆییەوە بەفیڕۆ دەچێت".







باسنيوز
Top